عەلی باپیر داوا دەکات پارتی و یەکێتی لە جەژندا ئاشتەوایی بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات جەژن بکەنە دەرفەتی ئاشتەوایی و "بیرێکی جیددی لە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەنەوە."
پەیامەکەی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بەبۆنەی جەژنەوە لە پێنج خاڵ پێکهاتووە، لە خاڵی کۆتاییدا رووی دەمی کردووەتە پارتی و یەکێتی و دەڵێت، "ماوەیەکیشە حوکمڕانانی وڵات لە هەردووک حیزب، لەجیاتی كردنی دوو قسەی خێر و، هەنگاونانێکی رەشیدانەی دڵی خەڵک و جەماوەری سەغڵەت خۆشکەر، لە بەینی خۆیاندا بە خەست و خۆڵی سەرگەرمی قسەی سارد و سووک بە یەکدی گوتن و، یەکدی تۆمەتبارکردن و شەڕە قسەن، کە ئەوەش هێندەی دیکە خەم و ناڕەحەتی و ناسۆریی خەڵکی زیادکردووە!"
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری نووسیویەتی، "ئینجا با بەلای کەمەوە بۆنەی جەژن، بکەنە دەرفەتی ئاشتەوایی و، دواتریش پاش راوێژ و پرس و را كردن، له كهشێكی تهباییدا بیرێکی جیددی لە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەنەوە و، نەهێڵن گرفتهكانیان بەردەوام لێیان زیاد ببن و لهجیاتی نههێشتن، ههر پتر لهسهر یهك کەڵەکە ببن."