ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: گروپە تیرۆرستییەکان باجی ئەو هێرشانە دەدەنەوە

رووداو دیجیتاڵ  

لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی کە کرایە سەر قەزای خەبات. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە و باجی ئەو هێرشانەش دەدەنەوە."
 
ئەمشەو یەکشەممە 1ـی ئایاری 2022، هێرشی مووشەکی کرایە سەر قەزای خەبات کە لە سنووری شارۆچکەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا مووشەکەکان ئاڕاستە کرابوون. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "چەندین جارە لە شوێنێکی دیاری سنووری شارۆچکەی حەمدانییە، کە دەکەوێتە نێوان بارەگای فەوجی مەغاویری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و بارەگای چەکدارانی عەسائب لە بەرتەلە و بارەگای لیوای 30ـی حەشدی شەبەک، لەلایەن گرووپە لەیاسا دەرچووەکان هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان." 
 
پاش هێرشەکە، پارێزگاری هەولێر چووە شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی قەزای خەبات و دڵنیایی دایە هاونیشتمانیان کە هێرشەکان ئامانجەکانیان ناپێکن و گوتی، "ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە ئەنجام دەدرێت." 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، "ئەو شوێنانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵین و دوورنین لە بارەگا جێگیرەکانی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی فیدراڵی." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "داوا لە سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین ئەو ناوچەیە کە بووەتە پەناگە و شوێنی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لەو تیرۆریست و چەتانە پاک بکەنەوە و ئارامی و سەقامگیری دەستەبەر بکەن." 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 01-05-2022 چەند مووشەکێک لە قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە. لەو بارەوە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "هیچ زیانێکی گیانی بەدوادا نەهاتووە و لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە دەستیان پێکردووە." 
 
رۆژی 6ـی نیسانی 2022، سێ کاتیۆشا لە نزیک کۆمەڵگەی کەورگۆسک و زێی گەورە لە قەزای خەبات کەوتنەخوارەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق گوتی، "گرووپێکی لە یاسا لادەر کاتیۆشاکانی ئاڕاستە کردووە." 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەرپرسیاریێتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە و باجی ئەو هێرشانەش دەدەنەوە.. لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەماهەنگی دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەیان و کۆتاییهێنان بەم کردارە تێکدەرانە."