دژەتیرۆر: دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە


رووداو دیجیتاڵ 

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕەکەی پێشمەرگە و داعش لە سنووری پردێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێشمەرگە توانیویانە "هێرشی تیرۆریستان تێکبشکێنن و ئێستا بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، هێرشەکە بۆسەر سەنگەرەکانی لیوای 10ـی پێشمەرگە بووە لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان لە سنووری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە. 
 
هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تووندی بەرپەرچی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعشی داوەتەوە و تێکیشکاندوون."
 
نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ پێشمەرگە شەهیدبوونە کە یەکێکیان نەقیبە و دووانیش بریندارن.
 
نووری حەمە عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، بە ھاوەن، بیکەیسی و کڵاشینکۆڤ ھێرشیانکردووەتە سەر پێشمەرگە، بەڵام هێرشەکە تێکشکێندراوە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە. 

دوو بریندارەکە براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کە گولـلە بەر قاچ و شانیان کەوتووە. فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. 

 
بە گوتەی نووری حەمە عەلی، شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش نزیکەی 45 خولەکی خایاندووە، چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر دوو سەنگەر، بەڵام لە سەنگەرێکیان هیچ شەهید و بریندارێک نەبووە.