داعش لە سنووری پردێ هێرشی کردە سەر پێشمەرگە؛ شەهید و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبووە، بەهۆیەوە شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگە هەن. نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ پێشمەرگە شەهیدبوونە کە یەکێکیان نەقیبە و دووانیش بریندارن.
نووری حەمە عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، بە ھاوەن، بیکەیسی و کڵاشینکۆڤ ھێرشیانکردووەتە سەر پێشمەرگە، بەڵام هێرشەکە تێکشکێندراوە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
نووری حەمە عەلی بە رووداوی گوت، هێرشەکە کاژێر 12:30 خولەکی شەو بووە، هێرشەکە تێکشکێندراوە، چەکدارەکانیش لەو بۆشاییە ئەمنییەوە دزەیان کردووە کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەن.
نووری حەمە عەلی پشتڕاستی کردەوە کە نەقیبێکی پێشمەرگە شەهید بووە. بەڵام رەتیکردەوە هیچ پێشمەرگەیەک بەدیل گیرابێت.
نووری حەمە عەلی پشتڕاستی کردەوە کە نەقیبێکی پێشمەرگە شەهید بووە. بەڵام رەتیکردەوە هیچ پێشمەرگەیەک بەدیل گیرابێت.
ئەو نەقیبەی شەهیدبووە ناوی پشتیوان قەرەنییە و لەدایکبووی ساڵی 1980 یە. باوکی سێ منداڵە کە دوو کوڕ و کچێکن و دەرچووی کۆلێژی سەربازییە. پشتیوان لە گوندی کودەریان لە دەڤەری زرارەتی لەدایکبووە و هەر لەو گوندەش بەخاکدەسپێردرێت.
بە گوتەی نووری حەمە عەلی، شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش نزیکەی 45 خولەکی خایاندووە، چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر دوو سەنگەر، بەڵام لە سەنگەرێکیان هیچ شەهید و بریندارێک نەبووە.
بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کە گولـلە بەر قاچ و شانیان کەوتووە.
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕەکەی پێشمەرگە و داعش لە سنووری پردێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێشمەرگە توانیویانە "هێرشی تیرۆریستان تێکبشکێنن و ئێستا بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە." وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، داعش "ژمارەیەکی زۆریان کوژراون."