رووداو-سلێمانی
زانکۆی سلێمانی لەبەرامبەر تەمەنێک خزمەتی هونەری کوردی، دکتۆرای شانازی دەبەخشێتە هونەرمەند مەزهەر خالقی.
د.رێبوار سەعید، راگری کۆلیژی هونەری زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی رێوڕەسمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەخشینی دکتۆرای شانازی بە هونەرمەند مامۆستا مەزهەری خالقی لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە لە پای هەوڵی بێپایانیەتی لە بواری هونەر و کۆکردنەوەی ئەرشیڤی کولتووری و کەلەپووری زارەکی کوردستانە بەمەبەستی گەشەپێدان و گوێزانەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو".
د.رێبوار سەعید گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23000 میلۆدی کۆکردووەتەوە و زیاتر لە 300 کتێبی بە کوردی، عەرەبی و، ئینگلیزی چاپکردووە و بڵاوبووەتەوە. 60000 وێنەی هەرچوار پارچەی کوردستان کۆکراونەتەوە جگە لە 200 بەرهەمی گۆرانی کە لەلایەن ئەنستیتیوتەکەی مامۆستا مەزهەرەوە تۆمارکراون".
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە د.رێبوار سەعید گوتی: "رۆژی پێنجشەممە کاژێر 16:00ـی ئێوارە لە هۆڵی کۆنگرێس لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی رێوڕەسمی بەخشینی دکتۆراکە بەڕێوەدەچێت و هاتنیش بۆ هەمووانە".
مەزهەر خالقی ساڵی 1939 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. لە زانكۆی تاران بەشی فیزیای تەواو كردووە و دواتر چووەتە رێكخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حكومەتی ئێران. بۆ ماوەیەكیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و كرماشان بووە.
دوای شۆڕشی ئێران لەساڵی 1979 و هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران، خالقی نیشتمانیی دایكی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەك لە هەندەران و دواتریش گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان. ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 250 ئاوازی فۆلكلۆری تۆماركراوی هەیە و ئێستا بەڕێوەبەری ئەنستیتیوتی كەلەپووری كوردە لە شاری سلێمانی و لە بوارەكانی هونەر، ئەدەبیات و فۆلكلۆر چالاكی دەكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ