رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە گەیشتووەتە 846 ملیۆن دۆلار.
رۆژی سێشەممە، 1ی نیسانی 2025، فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ساڵێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 547 هەزار تۆن شتومەک لە رێگەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە. کە بایی زیاتر لە 846 ملیۆن دۆلار بووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە، زیاتر لە 98٪ـی هەناردەکە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بووە. هەروەها لە گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە، شتومەک هەناردەی ئەفغانستان، سووریا، تورکیا، رووسیا، سوودان، ڤەنزوێلا، کازاخستان، ئیمارات و بولگاریا کراوە.
فەرامەرز ئومێدی رایگەیاند، زیاترین ئەو کەلوپەلانەی هەناردە کراون بریتین لە تراکتۆر، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمە پلاستیکییەکان، ئاسن، بەرد، کاشی، سیرامیک، شووشە، مافوور و بەرهەمە شیرەمەنییەکان.
زۆرترین هەناردەش لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخی مەریوان بووە، دواتریش دەروازەی سنووریی سەیرانبەنی بانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ