حاجی کاروان: بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار هاوکاریمان ناردووەتە غەززە

01-04-2025
شیراز رەئوف
 وێنەیەکی حاجی کاروان و تیمی رێکخراوەکەی لە غەززە لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکان
وێنەیەکی حاجی کاروان و تیمی رێکخراوەکەی لە غەززە لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری دەڵێت، هیچ خۆراکێک لە غەززە دەستناکەوێت و نرخی 6 نان 25 دۆلاری تێپەڕاندووە، ئارد نەماوە و تەواوی نانەواخانەکانیش داخراون. دەشڵێت، لە سەرەتای جەنگەوە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار هاوکارییان ناردووەتە غەززە.
 
حاجی کاروان میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، باسی لە ناردنی هاوکارییەکانیان بۆ غەززە و دۆخی خەڵکی کەرتەکە کرد، رایگەیاند، "31 رۆژە گەمارۆی تووند خراوەتە سەر غەززە و دۆخەکە ئێستا بەجۆرێکە نە لە باکوور و نە لە باشووری ئەو کەرتە یەک کیلۆگرام ئارد دەستناکەوێت و خەڵک تووشی قەیرانی خۆراک بوون".
 
گوتیشی، ئەم چەند رۆژە نوێنەرانی رێکخراوەکەیان لە غەززە بە هیچ نرخێک ئاردیان دەستنەکەوتووە تاوەکو بەسەر خەڵکدا دابەشی بکەن و هیچ مارکێتێک خۆراکی تێدا نەماوە و خەڵک لە برسدا پەنا بۆ خواردنی گژوگیا دەبەن.
 
حاجی کاروان باسی لەوەش کرد، "لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئابووریی خەڵک لە غەززە زۆر خراپە، هاوکات نرخی خۆراک بە ئەندازەیەک بەرزبووەتەوە کە لە توانای کڕیندا نەماوە، جگە لەوەی خۆراکی وشکەی وەکو گەنم، برنج و دانەوێڵە نەماوە، خواردنە سەوزەکانیش لە کڕین نایەن، بەجۆرێک نرخی 3 دانە باینجان گەیشتووەتە 20 دۆلاری ئەمریکی و نرخی 2 سەلک پیاز زیاترە لە 7 دۆلار".
 
رێکخراوی بەختەوەری سێ تیمی لە باکوور، نێوەڕاست و باشووری غەززە هەیە، ئەمە بە گوتەی حاجی کاروان. دەشڵێت، نەبوونی ئاوی خواردنەوە "قەیرانێکی گەورەیە لە غەززە". گوتیشی، "سرووشتی خاکەکەی وایە کە هەڵکەندنی بیری ئاو ئاسان نییە و قووڵیی بیرەکان زیاترن لە 350 مەتر و زۆرینەی ئاوی بیرەکانیش سوێرن و بە کەڵکی خواردنەوە نایەن، هاوکات ئیسرائیل رێگە نادات با تانکەر ئاویان بۆ ببرێت و سەرچاوە ئاوییەکانیان لێدەگرێتەوە".
 
"کۆمەک لە 500 دینارەوە تاوەکو 60 هەزار دۆلار"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی دا، حاجی کاروان، بانگخواز و سەرۆکی رێکخراوی بەختەوەری باسی لەو کۆمەک و هاوکارییانە کرد کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ غەززە کۆدەکرێنەوە و گوتی، لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی غەززەوە تاوەکو ئێستا، تەنیا رێکخراوەکەی ئەوان بە بەهای زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار کۆمەک و هاوکاری گەیاندووەتە غەززە کە هەمووی لەلایەن خێرخوازانی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە.
 
"هەرکەس بەپێی توانای خۆی هاوکاریی خەڵکی لێقەوماوی غەززە دەکات لەڕێگەی رێکخراوەکەی ئێمەوە، خەڵک هەبووە گوتوویەتی تەنیا 500 دینارم پێیە و بەخشیویەتی بە غەززە، خەڵکیش هاتووە هەزاران دۆلاری بەخشیوە". حاجی کاروان وای گوت.
 
باسی لە چەند نموونەیەکیش کرد لەبارەی هاوکاریی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی غەززە و گوتی: "پیاوێکی بە تەمەنی خەڵکی دەڤەری بتوێن بڕی 60 هەزار دۆلاری ئەمریکی داناوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی غەززە". گوتیشی، کەسی وا هەبووە هاوکاری هێناوە بڕوای بە خودا نەبووە.
 
سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراک لە غەززە دوای ئەوە هات لە رۆژی 2ـی ئادارەوە، ئیسرائیل گەمارۆی خستووەتە سەر کەرتەکە و رێگەنادات هیچ شتێک بچێتە ژوورەوە، نە هاوکاری و نە خۆراک، بەردەوامیش بۆردوومانی دەکات و بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ئەم گەمارۆ و هێرشانە بۆ ئەوەن حەماس ناچار بکرێت بارمتەکان ئازاد بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەفعەت عەبدوڵڵا

یەکێتی گۆڕانکاری دەکات؛ رەفعەت عەبدوڵڵا دەبێتە جێگری سەرۆک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی بە گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا رەفعەت عەبدوڵڵا، وەکو جێگری سەرۆک هەڵبژێردرا.