پەروەردە داوای گەڕانەوەی 150 هەزار دیناری دەرماڵەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات

01-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات ئەو 150 هەزار دینارەی لە قوتابیانی خوێندنی باڵا، ئەوانەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانن و لە میلاکی وەزارەتەکەن نەبڕدرێت، یەکێک لەو قوتابیانەش دەڵێت، "بڕینی ئەو بڕە پارەیە لە ئێمە کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانمان دروستکردووە."
 
بەپێی نووسراوێک کە رۆژی 28ـی ئاداری 2024، لەلایەن ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە واژۆکراوە، وەزارەتەکە داوا لە فەرمانگەی کاروباری کارگێڕیی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات، بڕی ئەو 150 هەزار دینارە خەرجبکات کە دەدرێتە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەوانەی لەسەر میلاکی وەزارەتەکەن و لە خوێندنی باڵا درێژە بە خوێندنیان دەدەن. 
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە هاتووە: "بەپێی رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە 15ـی ساڵی 2012، دەرماڵەی بڕاوە بە بڕی 150 هەزار دیناریان لێدەبڕێت، لەبەر ئەوەی بە سوودمەند هەژمار دەکرێن، بەڵام لە کاتێکدا ئەوان زەرەرمەند دەبن نەوەک سوودمەند، لەبەر ئەوەی کۆی بڕی ئەو 150 هەزار دینارە لە ساڵێکدا زۆر زیاترە لە کرێی خوێندنیان، بۆیە دووپاتی داواکارییمان دەکەینەوە رەزامەندی بفەرموون بۆ خەرجکردنی ئەو دەرماڵەیە."
 
کاوە مستەفا، یەکێکە لەو خوێندکارانەی لە زانکۆی گەرمیان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا دەخوێنێت، کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانە و لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەیە، بە رووداوی گوت: "بڕینی ئەو 150 هەزار دینارە لە ئێمە زیانی زۆری پێگەیاندووین، بەتایبەت زۆرینەمان خاوەنی خێزانین و بژێوی ژیان قورسە، بۆیە داوای گەڕانەوەمان کردووە."
 
رۆژی 27ـی ئاداری 2024، رووداو لە هەواڵێکدا کێشەی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە، کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراو و زیندانی سیاسیین.
 
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە کە رۆژی 18ـی ئەم مانگە واژۆکراوە، دەرماڵەی ناجێگیری پیشەیی، کە 150 هەزار دیناربوو، لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسیی و تواناسازی دەبڕێت و خەرج ناکرێت، لەبەر ئەوەی وەکو لە بڕیارەکەدا هاتووە "بە سوودمەند هەژماردەکرێن."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەو قوتابییانەی لەسەر کورسیی پارالێڵ وەرگیراون، وەزارەتی خوێندنی باڵا (85٪) داشکاندنی بۆ کردوون بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی داراییان. 
 
محەممەد عەلی، خوێندکاری ماستەرە لە زانکۆی سەڵاحەدین، بە رووداوی گوت، "ئێمەی قوتابیانی وەرگیراو لەسەر کورسیی شەهیدان بە بڕینی 150 هەزار دیناری مانگانە بۆ ماوەی دوو ساڵی خوێندنی ماستەر، سێ ملیۆن و 600 هەزار دینارمان لێ دەبڕدرێت، ئەمەش زۆر گرانتر لە کورسیی پارالێڵ لە سەرمان دەکەوێت." 
 
بڕیارەکە ئەوانە دەگرێتەوە، کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە دامەزراون، بەڵام ئێستا لە قۆناخی خوێندنی ماستەرن و لە شوێنەکانی خۆیان لە وەزارەتی پەروەردە مۆڵەتی خوێندنیان کردووە.
 
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەرێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان، لەبارەی بڕیارەکەوە، ئەو رۆژە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بابەتی دەرماڵە پەیوەندیی بە وەزارەتی شەهیدانەوە نییە و ئەو بابەتە لای وەزارەتی پەروەردەیە، بەڵام ئێمە کرێی خوێندنیان بۆ دەدەین، دەشمانەوێت بگەڕێندرێتەوە بۆیان، هەوڵدەدەین لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ئەو پارەیەیان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە بڕێکی زۆرە و کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات."
 
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، راپەڕین و سۆران گشتاندنی بۆ کراوەو پشتبەستووە بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران و رێنمایی ژمارە 15ـی ساڵی 2012ـی وەزارەتی دارایی و یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2021ـی تایبەت بە مۆڵەتی خوێندن.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە