وەزارەتی خوێندنی باڵا زەمالەی خوێندن لە ئەمریکا رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان زەمالەی خوێندنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ فێرخوازانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر راگەیاند.
 
حەوت کەس دیاریکراون کە دەتوانن پێشکێش بکەن، وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، "نابێت کۆ نمرەی پێشکێشکاران لە 65٪ کەمتر بێت."
  
زەمالەکە لە چوارچێوەی بەرنامەى فول برایت و بۆ خوێندنى ماستەر دەبێت.
 
لە راگێیندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 بەرنامەى فول برایت بۆ خوازیارانى خوێندنى بەرنامەى ماستەر لە سەرتاسەرى عێراق لە بوارى جیا جیا رادەگەیێنێت، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە سەرجەم خوازیاران لە هەرێمى کوردستان دەکات دەتوانن بەم مەرج و داخوازیانەی خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن:
 
1- دەبێت پێشکێشکار دانیشتووی هەرێمى کوردستان و عێراق بێت.
2- بەلایەنی کەم دوای دەرچوونی لە زانکۆ، دوو ساڵ خزمەتی هەبێت.
3- بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و دانپێدانراو بێت.
4- پێشخانێکى ئەکادیمی باشى هەبێت.
5- ئاستی زمانی ئینگلیزی بەرچاوی هەبێت، بە شێوەیەک بتوانێت بەشداری لە خولی درێژخایەنی زمان بکات، بەر لە دەستپێکردنی بەرنامەی خوێندن.
6- پێشینە بۆ ئەو خوازیارانە دەبێت کە پێشتر ئەزموونی خوێندن و ژیانیان لە ئەمریکا زۆر کەم بووە یاخود نەبووە.
7- خوازیاران لە باکگراوندی جیاجیا لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەت هاندەدرێن بۆ پێشکێشکردن.
 
تێبینی:
- تەواوی خەرجی ئەم بەرنامەیە لە سەر ئەستۆی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەبێت.
- دوا کات بۆ پێشکەشکردن 1-5-2024ـە.
- بۆ زیاتر زانیاری و وردەکاری پێشکێشکردن، تکایە سەیری برۆشەری هاوپێچ و ئەم لینکە بکەن:
 
سەبارەت بە مەرجەکانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ خوێندنی ماستەر لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیە، وەزارەتەکە مەرجەکانی خۆی روونکردووەتەوە کە ئەمانەن:
 
1-پێشکێشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2-پێشکێشکار دەبێت بە لایەنی کەمەوە دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە. 
3-پێشکێشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%) کەمتر نەبێت.
4-ئاستی توانستی زمانی داواکراو بەندە بە ئاستی داواکراوی خودی بەرنامەکە. 
5-داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکێش بکات, (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
6-کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
7-کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن بەرنامەی فولبرایت پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
8-هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیادا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
 
تێبینى وەزارەت:
 
دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، تکایە بە مەبەستی کردنەوەی فایل سەردانی ئەم بەستەرە بکەن.