سێ لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی سەرۆکی هۆزی بەیات لە کفری پێکدەهێندرێن

01-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوشتنی سەرۆکی هۆزی بەیات لە قەزای کفری پێکهێنراون، سەرۆکی لقی بەرەی تورکمانی لە قەزای کفریش دەڵێت، "ئاسایشی قەزاکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەین."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لیژنەی پەرلەمانی و ئەمنی بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی حوسێن عەلوش، سەرۆکی هۆزی بەیات و کەسایەتییەکی دیاری تورکمان لە قەزای کفری پێکهێندراوە."
 
بەپێی گوتەی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنەکە، هێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە، 31ـی ئاداری قەزای کفری کە تێیدا کەسایەتی دیاری قەزای کفری گیانی لەدەستدا "لەرێگەی درۆنەوە بووە."
 
جگە لە تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە ئەنجامدانی کوشتنەکە، دەڵێت، "لەسەر داوای ئێمە رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی لیژنەیەکی پەرلەمانی بە سەرۆکایەتیی خالید عوبەیدی و لیژنەیەکی ئەمنی لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لێکۆڵینەوە لە کوشتنی سەرۆکی هۆزی بەیاتی تورکمانی لە کفری بکات."
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024، لەنزیک بازاڕی کفری تەقینەوەیەک روویدا و دواتر ساهیر عەلی، قایمقامی قەزاکە بە رووداوی گوت، "بەهۆی تەقینەوەکەوە کەسێک بەناوی حوسێن عەلوش کوژراوە و سەرۆکی عەشیرەتی بەیاتە لە نەتەوەی تورکمان."
 
سەزگین موسڵیح، سەرۆکی لقی قەزای کفریی بەرەی تورکمانی، کە هاوکات برازای کوژراوەکەیە، لەبارەی پێکهێنانی لیژنەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ هیچ لیژنەیەک سەردانی نەکردووین بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، بەڵام ئاسایشی قەزای کفری لیژنەیەکیان دروستکردووە و بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ساهیر عەلی، قایمقامی قەزاکەش هەمان قسەی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە تەقینەوەکە لەرێگەی درۆنەوە بووە یان  رێگەی دیکە، گوتیشی، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
 
حوسێن عەلوش، کە ناوی تەواوی حوسێن عەلی عەباسە، لەدایکبووی ساڵی 1951ـی قەزای کفری بووە، خاوەنی میوانگەیەک بوو لە قەزای کفری، یەکێک بوو لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی قەزاکە و بەرەی تورکمانیش بۆ کوژرانی راگەیێندراوی بڵاوکردەوە و داوای لێکۆڵینەوەی کرد. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە