پۆلیسی ورمێ: لە نەورۆزەوە 134 قاچاخچی و فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە ماوەی رۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵدا 15 قاچاخچی و 119 کەس لە دابەشکەرانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کران، هەروەها دەست بەسەر زیاتر لە 315 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی نیسانی 2024، سامان غەنیزادە، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەم ساڵ لە سەرەتای جەژنی نەورۆزەوە پلانێکی تایبەت و تۆکمەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا چەندین کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
 
سامان غەنیزادە گوتی، "لە چوارچێوەی پلانە تایبەتەکەی نەورۆزی ئەم ساڵدا، 15 قاچاخچی مادە هۆشبەرەکان و 119 کەس لە فرۆشیار و دابەشکەرانی مادەی هۆشبەر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستبەسەر کراون و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی داد کراون."
 
بە گوتەی غەنیزادە، "هەر لەو ماوەیەدا دەستمان بەسەر 315 کیلۆ و 155 گرام مادەی هۆشبەردا گرتووە."
 
گوتیشی، لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 87 ئالوودەبووی مادەی هۆشبەریان لە شارەکانی سەربە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کردووەو دواتر ئەم کەسانە رادەستی ناوەندە تایبەتەکانی وازهێنان لە مادە هۆشبەرەکان کران.
 
سەبارەت بە ئامارەکانی دزیکردنیش، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە ماوەی جێبەجێکردنی پلانە نەورۆزانەکەیاندا 112 رووداوی دزیکردن لە ئاستی هەموو پارێزگای ورمێ روویداوە، کە بەراورد بە ساڵی پار بە رێژەی 34٪ کەمتر بووەتەوە.