نزیکەی 160 دووکان و 20 کۆگە لە بازاڕی چەلێی دهۆک سووتان؛ 'ئەوانەی دووکانیشیان نەسووتاوە زەرەرمەند بوون'
رووداو دیجتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی پارشێو ئاگر لە بازاڕێکی میللیی دهۆک کەوتەوە، بەهۆیەوە بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک نزیکەی 160 دووکان و 20 کۆگە سووتان، دووکاندارەکان ئەوانەی کەلوپەلەکانیان لە ئاگرەکە دوورخستووەتەوە، ئەوانیش دەڵێن زەرەرمەند بوون.
عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک، ئەمڕۆ لەنێو بازاڕە سووتاوەکەی دهۆکدا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند "ئاگرەکە 100٪ کۆنترۆڵ کراوە، ئەوەی ماوە تەنیا پرۆسەی ساردکردنەوەیە بۆ ئەوەی سەرهەڵنەداتەوە."
سەبارەت بە ئامارە سەرەتاییەکانی تایبەت بەو رووداوە، عەمید حەسەن گوتی "ئەو دووکانانەی سووتاون ژمارەیان لەنێوان 140 بۆ 160 دووکان دەبێت، لەگەڵ 20 کۆگە."
رووداوەکە تەنیا زیانی مادیی هەبووە، زیانەکانیش زۆرن بەهۆی ئەوەی دووکاندار و خاوەن کۆگەکان خۆیان بۆ جەژن ئامادەکردووە و کاڵای زۆریان هێناوە.
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئەوانەی برینداریش بوون، تەنیا کەمێک تەنگەنەفەس بوون کە بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک "بریندارەکان برینەکانیان زۆر سووکە."
لەبارەی ئەو تیمانەی بەرگریی شارستانیی دهۆک کە لە چەند کاژێرێکدا توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، عەمید حەسەن گوتی "24 تیمی ئێمە کە 400 کەس بوون لە بازاڕەکە بەیەکەوە لە کاربوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و 1000 دووکان زیاتر لە بازاڕەکەدا هەبوون، کە توانیویانە بیانپارێزن."
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، ئەو هاونیشتمانییانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، باسی ئەوە دەکەن دەیان هەزار دۆلار زەرەریان کردووە. زیان تەنیا لەو کەسانە نەکەوتووە کە تەواو یان بەشێکی دووکانەکانیان سووتاوە، بەڵکو ئەوانەش کە کاڵاکانیان لە دووکانەکانیان دەرهێناوە بۆ ئەوەی لە سووتان بیانپارێزن، دەڵێن زەرەرمەند بوون.
عەمید حەسەن خورشید دەڵێ "بەگوتەی پاسەوانێکی بازاڕەکە، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتێکی کارەبا بووە، بەڵام ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و دواتر رایدەگەیێنین هۆکارەکە چی بووە."