رێوڕەسمی جەژنی ئەکیتۆ بەبەشداریی هەزاران کەس لە دهۆک بەڕێوەچوو

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەبەشداریی هەزاران کەس رێوڕەسمی سەرساڵی گەلانی بابلی، کلدانی، سریانی و ئاشووری ناسراو بە ئەکیتۆ لە دهۆک بەڕێوەچوو. 
 
بەشداربووان لە دەرەوە و لە وڵاتانی جیاجیاوە بەشدارییان لە بۆنەکە دا کرد. دانیال سادا لە ئەمریکاوە هاتووە و دەڵێت: "من لە کالیفۆرنیاوە هاتووم. ئامانجی من لە هاتن بۆ عێراق بۆ بەشداریکردنە لە ئاهەنگی سەرساڵی ئاشوورییەکان. بابلی و ئاشووری یەک گەلن، خاوەن یەک چیرۆکن و خاڵی هاوبەشمان هەن." 
 
بەشێکی زۆری بەشداربووان لە کچ و کوڕان جلوبەرگی نەتەوەییان پۆشیوە. بەشێکیان وەکو فرەڕەنگیی پێکهاتە جیاوازەکان دەبینن.
 
ئیانا ئەسلیوە، کچێکی بەشداربووی ئاهەنگەکەیە و دەڵێت، "ئەمە بۆنەی یەکی نیسانە. سەرساڵی ئێمەی ئاشوورییە. من جلوبەرگی کولتووریی ئاشووریم پۆشیوە و کەشەکە زۆر خۆشە. ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئامادەن و بەشێکی زۆریان جلوبەرگی ئاشوورییان پۆشیوە. زۆر سوپاسی هەموو خەڵکی دهۆک دەکەین کە ئەوانیش هاوکاریی ئێمەیان کردووە و بەشدارییان لە بۆنەکەماندا کردووە. ئێمە هەموومان یەک دەستین. هیچ جیاوازییەکمان نییە و ئەمەش جەژنی هەمووانە." 
 
رێوڕەسمەکانی ئەکیتۆ بۆ سەردەمی دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکانی 6774 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.