خوێندنی باڵا: کرێی پارالێڵ 40% داشکێنراوە، ئەستەمە ئەوەی پارەکەی داوە بۆی بگێڕدرێتەوە

01-04-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کرێی خوێندنی پارالێڵ لەسەر دوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا داشکێنرا، بەرپرسێکی وەزارەتەکەش بە رووداوی گوت، داشکاندنەکە گەیشتووەتە 40٪ و ئەو خوێندکارەی پێشتر پارەکەی دابێت، زەحمەتە بۆی بگەڕێنرێتەوە.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو و روونکردنەوەی لەبارەی بڕیارەکانی وەزارەتەکەی دا.
 
د. توانا نەجەف، رایگەیاند لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە داشکاندنی کرێی خوێندنی پارالێل بە رێژەی 20٪، هەروەها هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیسانەوە بڕیاردرا بە داشکانی 20٪ـی دیکەی کرێی خوێندنی پارالێڵ بۆ خوێندکارانی بەرایی و خوێندنی باڵا، بەمجۆرە ئەمساڵ 40٪ داشکاندن لە کرێی خویندنی پارالێڵ کراوە.
 
لەبارەی شێوازی داشکاندنەکە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خویندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەو دوو داشکاندنەی ئەمساڵ کراون، بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە تاوەکو دەرچوونی بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجوومەنی وەزیران، پارەی پارالێڵیان نەداوە لە خوێندنی بەیانیان و ئێواران لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکاندا.
 
لەبارەی گەڕانەوەی پارە بۆ ئەو کەسانەی پارەی پێش دەرچوونی بڕیارەکان کرێی خوێندنیان داوە، د. توانا نەجەف دەڵێت " لە حکومەتدا پارە لە هەر کەسێک وەردەگیرێت بە پسوولەی (37ئەلیف) وەردەگیریت، واتا دەبێتە داهاتی کۆتایی. بۆیە هەر پارەیەک بەو پسوولەیە وەربگیرێت، گێڕانەوەی زۆر ئەستەمە. لەکاتێکدا دەبێت خزمەتگوزارییەک بۆ کەسێک بکەیت، بەڵام بۆی نەکراوە، ئینجا بۆی دەگێڕێتەوە بە رەزامەندیی وەزیری دارایی."
 
جەختیشی کردەوە لەوەی "بۆیە هەر پارەیەک بە پسوولەی (37ئەلیف) وەربگیرێت، بۆ داشکاندن و لێخۆشبوون ناگەڕێندرێتەوە."
 
کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان 
 
لەبارەی داشکاندنی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان (ئەهلییەکان)، د. توانا ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2013، زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لەڕووی کارگێڕی و داراییەوە 100٪ سەربەخۆن، هەر بڕیاریک بۆ ئەو زانکۆیانە بە هاوئاهەنگی دەبێت، بەڵام ساڵانە داشکاندن دەکرێت لەنێوان 10٪ بۆ 15٪ ئەمەش بەگوێرەی ریزبەندیی (رانکیگنی) زانکۆکان."
 
''بەغدا لە کۆی 10 هەزار کەس لە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، 3200ـی قبوڵکرد''
 
ساڵی رابردوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زاستی، ناوی نزیکەی 10 هەزار دەرچووی سێ یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان و 930 هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای بۆ بەغدا نارد بەمەبەستی دامەزراندن، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا دەرچووی بەشە پزیشكییەکان و یەکەمەکانی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی پەسند کرد.
 
د. توانا نەجەف دەڵێت "ئێمە، هەموو ناوەکانمان ناردن، کە نزیکەی 10 هەزار ناو دەبوون، لەو ژمارەی ئێمە ناردمانن بۆ بەغدا، نزیکەی 3200 دەرچووی قبوڵکرد، ئێستا لەو ژمارەیە نزیکەی 2200 کەسیان دەستبەکار بوون لە وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی."
 
گوتیشی، نزیکەی هەزار دەرچوو ماونەتەوە و دەستبەکار نەبوون، بەگوێرەی گرفتە تەکنیکییەکانیان پۆلێنبەندی کراون ''بۆ ئەوەی بەزوویی چارەسەری بکەین؛ لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بەزوویی گرفتەکانیان چارەسەر بکەین.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی راژە ئێستا داوای بڕوانامەی دەرچووەکانی کردووە بە زمانی عەرەبی و لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کارەکە تەواو بکەین.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، نزیکەی 500 دەرچوو هەن کە زانکۆکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە، بەڵام ئەوان وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.