رۆمیۆ هەکاری: لە هەرێمی کوردستان چەندین زەویی کریستیانەکان دەستیان بەسەرداگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن رایدەگەیێنێت، کریستیانەکان لە عێراقدا مەترسییان لەسەرە و لە هەرێمی کوردستانیش دەست بەسەر زەویوزاریاندا گیراوە، "کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە."
 
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لەدوای ساڵی 2003وە گەلی کلدانی، ئاشووری و سریانی بەئامانج گیراون، هەمیشە گرووپە ئیسلامییە تووندئاژۆکان کریستیانەکانیان چەوساندووەتەوە و لەدوای هێرشی داعش بۆسەر موسڵ، کریستییانەکان لە دەشتی نەینەوا ئاوارە و دەربەدەر بوون.
 
بە گوتەی رۆمیۆ هەکاری، لە دەشتی نەینەوا و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کریستانەکان "مەترسیی بوون و لەنێوچوونیان لەسەرە،" ئێستا لە دەشتی نەینەوا، چەندین هێزی جۆراوجۆر هەن، کە هەندێک لەو هێزانە نەک نوێنەرایەتیی گەلی کلدانی و ئاشووری و سریانی ناکەن، بەڵکو پابەند نین بە یاساکانی عێراق، ئێستا لە دەشتی نەینەوا "هێزی بابلیۆن، بەناوی کریستیانەکانەوە دروستکراوە، بەڵام هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کریستیانەکان زۆر خراپە و کریستانەکان دەچەوسێندرێنەوە."
 
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشێک لەو هێزانە بەرنامەی وڵاتانی دەرەوە جێبەجێ دەکەن، کە ئەمە 100% دژی مانەوەی کریستیانەکانە لە زێدی خۆیان و کریستیانەکان لە عێراق و لە دەشتی نەینەوا، مەترسی لەسەر بوونیان هەیە."
 
لەبارەی دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان، سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە دەڵێت، "لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو، بەهۆی راگواستنی ئاشوورییەکان لە ناوچەی بادینان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، چەندین گوندی کریستیانەکان دەستیان بەسەردا گیران و ئێستاش چەندین گوندی ئاشوورییەکان دەستیان بەسەردا گیراوە."
 
رۆمیۆ هەکاری دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان ئەگەر کار بە یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015 بکرایە، زۆر لە گرفتەکان چارەسەر دەکران، بەڵام ئەویش هاوشێوەی زۆر لە یاساکان پشتگوێ خراوە، "چەندین جار داوامان کردووە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەو لیژنانەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە پێکهێندراوە."
 
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستانیش کۆمەڵێک کێشە و گرفتی زێدەڕۆیی هەیە لەسەر موڵکی پێکهاتەی کلدانی، ئاشووری و سریانی، چەندین لیژنە پێکهێندراون، بەڵام هیچ نەکراوە، تەنانەت دادگە لە بەرژەوەندیی مافی کریستیانەکان لە دهۆک بڕیاری داوە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت.