رووداو دیجیتاڵ
تائێستا سوننەکانی عێراق یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانیان دیاری نەکردووە، هەرێمی کوردستانیش چاوەڕێی لێژنەی بینینی مانگە، بەڵام عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە 3ی نیسانی، بە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکردووە.
رۆژی 27ی ئاداری 2022، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان رۆژی یەکشەممە 3ی نیسانی بە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد، بۆ ئەوەش کاتەکانی رۆژووگرتن و شکاندن و نوێژەکانیشی روونکردەوە، بەڵام هێشتا سوننەکانی عێراق یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانیان دیاری نەکردووە. لە کاتێکدا ئەمڕۆ هەینی كەمال حەیدەری، كە مەرجەعێكی عێراقییە لە شاری قومی ئێران، سبەی وەک یەکەم رۆژی رەمەزان دیاریکردووە.
دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، رۆژی هەینی، 1ی نیسانی 2022، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیانی عێراق کرد ئێوارەی ئەمڕۆ و لەکاتی خۆرئاوابووندا چاودێریی مانگ بکەن و لەکاتی بینینیدا پەیوەندییان پێوەبکەن. هەرچی هەرێمی کوردستانیشە چاوەڕوانی لێژنەی بینینی مانگ دەکات بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان.
ئەمڕۆ هەینی 1ی نیسانی 2022، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 1ـی نیسان بە چەند خوولەکێکی کەم لەدوای بانکی مەغریب لیژنەی بینینی مانگ کۆدەبێتەوە و چاودێری دەرکەوتنی مانگ دەکەن بەمەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان.
نەبەز ئیسماعیل گوتی: "لیژنە لاوەکییەکانی پارێزگاکانیش بۆ هەمان مەبەست چاودێریی بینینی مانگ دەکەن، ئێمە و وەقفی سوننە بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان پەیوەندی و هەماهەنگیمان هەیە و دەتوانم بڵێم ئەوانیش چاوەڕێی ئێمە دەکەن، بەحوکمی نزیکی و هەڵکەوتەی جوگرافی".
ئەگەر ئەمڕۆ هەینی مانگ بینرا، ئەوا رۆژی شەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت، ئەگەریش نەبینرا، رۆژی شەممە دەبێتە تەواوکەری مانگی شەعبان و رۆژی یەکشەممەش دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.
سەبارەی بە جیاوازیی یەکەم رۆژی رەمەزان و جەژن لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا بەتایبەت سوننە و شیعەکان، نەبەز ئیسماعیل، گوتی: "پەیوەندیی بەو ناکۆکییە مێژووییەوە هەیە کە سەدان ساڵە هەیە و جگە لەوەش بەداخەوە لەعێراق شتی دیکە تێکەڵ بەو ناکۆکییە کراوە کە لەنێوان ئەو دوو مەزهەبەدا هەیە".
ساڵانە لە دوایین رۆژەکانی مانگی شەعبان، لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردنی بینینی مانگ کۆدەبێتەوە، داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکات چاودێری بینینی مانگ بکەن و لە هەر شوێنێک مانگیان بینینی، لیژنەکە ئاگاداربکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ