118 گوند لە دەڤەری برادۆست بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون

02-04-2022
بەختیار قادر
بەختیار قادر
118 گوند لە دەڤەری برادۆست بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون
118 گوند لە دەڤەری برادۆست بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی لێلکانی دەڤەری برادۆست بەرەبەیانی 31 ئاداری 2022 دوایەمین رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا تێیدا ئەنجامدرا. بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە، 188 گوندی سنوورەکە چۆڵکراون.
 
بە بەردەوامی دەنگی تەقەی تێدا دەبیسترێت، سوپای تورکیا تۆپباران و تەقە لە بناری چیاکان دەکات. خەڵکی لە ترس و دڵەڕاوکێدان، قەدەری خۆیان داوەتە دەست خوا و لەنێو ئاگر و ئاسندا رۆژ و شەو دەکەنەوە.
 
حەتەم قادر، دانیشتوویەکی گوندی لێلکانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچکامیان رەچاوی ژیان و گوزەرانی ئێمە ناکەن، بەردەوام تەقە و شەڕە، ئەوە منیش بەرگەم گرت، ژن و منداڵ دەترسن و ناتوانن لێرە بمێننەوە."
 
دوای شەڕ و پێکدادان، سه‌ربازانی لیوای سێی پیاده‌ی سه‌ر به ‌فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی 34ـی سنوورپارێزی تورکیا، بۆ ماوەی دوو کاژێر ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە گوندەکە ئەنجامدا.
 
حاجی فازل، گوندنشینێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "شەڕی پەکەکە ئەوە بوو، دوو سێ پەکەکە هاتن بە ئارپێجی و میلان لە چیا دێڵی دا، دواتر تورکیا دەستی بە تۆپباران و تەقە کرد و دواتر گوند پڕ لە سەربازیی تورکیا بوون، هاتن پێیان گوتین دەبێت ئاگادار بن پەکەکە نەیەتە ناو گوند، گوتمان ئێمە بێدەسەڵاتین و ناتوانین رێگریی لە کەس بکەین."
 
لە گوندی خەلیفان، بەهەمانشێوەی لێلکان بەردەوام دەنگی تەقەی تێدا دەبیسترێت. ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لەو گوندەش ئەنجامدرا. جەلال عوزێر، موختاری گوندەکەیە و پێیان گوتووە، گەریلای پەکەکە لە گوندەکەیان ببینن، بۆردوومان و تۆپبارانی دەکەن.
  
جەلال عوزێر، موختاری گوندی خەلیفان بە رووداوی گوت، "بەیانی زوو بوو سەربازی تورکیا بانگیانکردین و کۆیان کردینەوە لە گوند، گوتیان پەکەکە لێرە هەن و دەگەڕێین، زۆر گەڕان و هیچیان نەبینییەوە و پێیان گوتین، پەکەکە نزیک ئاوەدانی نەکەونەوە با هیچ کەسێک لە گوند تووشی زیان نەبێت، چونکە ئێمە لێیان دەدەین."
 
رووبەری برادۆست هەزار و 617 کیلۆمەتری دووجایە. 92 کیلۆمەتر سنووری لە گەڵ باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. لە مانگی ئاداری ساڵی 2018 سوپای تورکیا بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر و بە پانتایی 45 کیلۆمەتر هاتووەتە نێوخاکی باشووری کوردستان.
 
11 قەڵای سەربازی لەو رووبەرەدا دروستکردوون. لە کۆی 264 گوند، نائارامی ناوچەکە وایکردووە 118 گوند چۆڵبکرێن. تاوەکو دێت سنووری گوندەکان بچووکتر دەبێتەوە و ناتوانن ئاژەڵە ماڵییەکانیشیان لە ئاوەدانی دوور بخەنەوە.
 
شاهین برادۆستی، ئاژەڵدارە و دەڵێت، "ئەوەتا ئاژەڵەکانم لە ناو گوندن و سنوورمان هێندە بچووک بووەتەوە ناتوانین بڕۆینە نێو پاوان و کوێستانی گوندەکەمان. بۆ هەرلایێک بچین یان پەکەکەیە یان سەربازی تورکیا."
 
ئەو لووتکە چیایانەی تورکیا لێی جێگیر بووە دەڕواننە تەواوی دەڤەری برادۆست، لە گوندی ماوانی باکووری کوردستانەوە رێگەی سەربازی لێداوە و تەواوی قەلا سەربازییەکانی بەیەک بەستووەتەوە و لە سەر چیای دێڵدا فڕۆکەخانەشی دروستکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە