ئەوەی ساڵح بۆ منداڵەکانی پاشەکەوت کردبوو، تەقینەوەی مینێک لێی سەندەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ساڵح نه‌زه‌ری له‌ ژیانی ئاواره‌یی گه‌ڕابووه‌وه‌، "بە دڵخۆشییەوە" ده‌ستی به‌ کاری ئاژه‌ڵداری و بازرگانی سه‌ر سنوور کردبوو، کۆی ئه‌و پاشکه‌وته‌ی له‌ ژیانیدا کۆی کردبووەوە، داینابوو که‌ لەنێو شار خانوویه‌ک بکڕێت، بۆ ئەوەی منداڵه‌کانی ئه‌و سه‌ختی و ئازارانه‌ی ئه‌و بینیویەتی، ئەوان نه‌یکێشن، به‌ڵام له‌ به‌یانییه‌کی پاییزیدا که‌ خه‌ریکی له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕ و ماڵاته‌که‌ی ده‌بێت، ته‌قینه‌وه‌ی مینێک جگه‌ له‌ په‌ڕاندنی لاقێکی، پاشکه‌وتی ژیانیشی ناهێڵێت.
 
ساڵح دانیشتووی گوندی شێخ سڵه‌ له‌ رۆژئاوای شاری سه‌لاسی باوه‌جانی پارێزگای کرماشان، ئێستا له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌کانی له‌ ماڵێکی هه‌ژارانه‌دا ده‌ژین و باسی ئه‌و کاره‌ساته‌ بۆ رووداو ده‌کات که‌ به‌ سه‌ریدا هاتووه‌، دەڵێت، "من هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ شێخ سڵه‌ بووم، خه‌ریکی ئاژه‌ڵداری و کاری سه‌ر سنوور بووم، له‌و رێگایەوه‌ بژێوی خۆم و ژن و منداڵه‌که‌مم دابین ده‌کرد، هەشت منداڵم بوو، له‌ناکاو شه‌ڕ هه‌ڵگیرسا و ئێمه‌ ئاواره‌ی ئۆردوگای روومادی بووین."
 
پاش کۆتاییهاتنی شه‌ڕ، ئه‌م ناوچه‌یەی ئێمه‌ هه‌ر مینڕێژکرابوو، ئیدی ئێمه‌یش بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌مان دا، "من به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وە سه‌ر زێدی خۆم و ده‌ستم به‌ کاری ئاژه‌ڵداری و بازرگانی لەسه‌ر سنوور کرد، به‌نیازبووم به‌و پاشەکه‌وته‌ی هه‌مبوو خانوویه‌ک له‌ کرماشان بکڕم، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانم ئه‌و ئازارانه‌ی من نه‌کێشن، به‌ڵام وه‌ک زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچەیە،‌ هێشتا هه‌ویه‌ و پێناسمان وه‌رنه‌گرتبوو و به‌ره‌به‌ره‌ هه‌ویه‌کانیان پێ ده‌داین."
 
رێکه‌وتی 30 ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2000 بووە، ئه‌و به‌یانییه‌ وه‌کو هەموو رۆژەکانی دیکە، ساڵح مه‌ڕه‌کانی بردووە بۆ له‌وه‌ڕگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی گوند که‌ نزیک سنوور بووە، "ئه‌و شوێنه‌ هه‌میشه‌ ده‌ڕۆیشتم، هیچ هێمایه‌کی هۆشداریی تێدا نه‌بوو، بایه‌کی سارد ده‌هات و منیش خۆمم داپۆشی، ده‌مویست چایه‌ک لێبنێم، تۆزێک دارم کۆکرده‌وه‌ و ویستم ئاگربکه‌مه‌وه.‌. خاکی ئه‌و شوێنه نه‌رم بوو، هاتم ئاگربکه‌مه‌وه‌، له‌ناکاو زرمه‌یه‌ک هات و چه‌ند مه‌ترێک فڕێدرام، نه‌مدەزانی چی بووه،‌ ته‌پوتۆزیکی زۆر هه‌ستابوو، مه‌ڕه‌کان بڵاوه‌یان کرد، که‌س به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو، تاوەکو چه‌ن خوله‌کێک هه‌ر حه‌په‌سابووم، پاشان هه‌و‌ڵمدا هه‌ستمه‌ سه‌ر پێ، به‌ڵام دیسان که‌وتمه‌وه‌، سه‌یرم کرد، لاقی راستم په‌ڕیوه ‌و نه‌مده‌زانی چی بکه‌م."
 
ساڵح دەڵێت، لەو کاتەدا تۆزێک بیری کردووەتەوە، کاتێکیش‌ گوێدره‌ژه‌کەی خۆی بینیوە، به‌ پشتوێنی پشتی، لاقی به‌ستووە، دەڵێت، "هه‌وڵمدا سواری گوێدرێژه‌که‌م ببم، به‌ڵام نه‌متوانی سواری بم و که‌تمه‌وە، دیسان هه‌وڵم دا و ئەمجارە سوار بوومه‌وه‌، خوێن لە لاقم دەڕۆیشت، خه‌ریک بووم ئه‌بوورامه‌وه‌، بیرم له‌ ژن و منداڵه‌که‌م ده‌کرده‌وه‌، وره‌ ده‌هاته‌ به‌ر گیانم، به‌ هه‌ر جۆرێک بوو، خۆمم گه‌یانده‌ خواره‌وه‌ی گوند، لەوێ خه‌ڵکی هاتنه‌ یارمه‌تیم و گواستمیانه‌وه‌ بۆ نەخۆشخانەی تاڵه‌قانی له‌ کرماشان."
 
لەگەڵ لەدەستدانی لاقێکی، چه‌ند پارچه‌یه‌کیش به‌ر لاقه‌کەی دیکەی ساڵح که‌وتبوو، دەڵێت، "له‌ رێگەدا له‌ هۆش خۆم چووبووم، کاتێک به‌ ئاگا هاتمه‌وه‌، پزیشکەکان گوتیان ده‌بێت لاقت له‌ژێر ئه‌ژنۆته‌وه‌ ببڕینه‌وه‌، به‌ڵام من تاوەکو 10‌ رۆژ هه‌ر رازی نه‌بووم لاقم له‌وه‌ زیاتر ببڕنه‌وه‌، ئیدی پزیشکەکان گوتیان 'ئه‌گه‌ر تا چه‌ن رۆژێکی تر لاقم نه‌بڕنه‌وه‌، ره‌ش ده‌بێته‌وه ‌و ناچارن له‌سه‌ر ئه‌ژنۆمه‌وه‌ بیبڕنەوە'، براکه‌م که‌ به‌ دیارمه‌وه‌ بوو پێی گوتم، ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ نه‌که‌یت، په‌شیمان ده‌بیته‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو منیش رازی بووم و بڕییانه‌وه.‌"
 
ساڵح نه‌زه‌ری له‌به‌رئه‌وه‌ی ناسنامەی نه‌بووه،‌ ناچار بووه‌ هەموو خه‌رجییه‌کانی نەخۆشخانە‌ بدات که‌ بڕە‌ پاره‌یه‌کی زۆر بووه ‌و ئه‌و پاشەکه‌وته‌ی که‌ کۆی کردبووه‌وه‌، ده‌یداته‌ نەخۆشخانە.
 
پزیشکێک به‌ناوی "مه‌ردان پوور"، دوو نه‌شته‌رگه‌ری بۆ لاقی ساڵح کردووە، دەڵێت، "هه‌رچه‌ندە به‌ لامه‌وه‌ زۆر سه‌خت بوو، به‌ڵام ئیدی ناچار بووم پاش مانگێک له‌ مانه‌وه‌ له نەخۆشخانەی کرماشان به‌ کۆڵێک خه‌مه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ نێو بنه‌ماڵه‌که‌م که‌ هیچ داهاتێکمان نه‌مابوو."
 
ساڵح له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆیشی ناتوانێت کار بکات، ده‌ست ده‌کاته‌ فرۆشتنی ئاژه‌ڵه‌کانی بۆ بژێویی ژیانیان، ئه‌مه‌ له ‌کاتێکدا بوو که‌یسی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌که‌ی پاش چوار ساڵ بە 45% قەرەبوو دەکرێتەوە، وەکو خۆی دەڵێت، "بە کەمترین مووچەیە."
 
له‌و ماوه‌دا که‌ ساڵح نەیتوانیوە کار بکات، بە گوتەی خۆی، "سەختترین کاتەکانی ژیان بوون"، دواتر دەست دەکات بە فرۆشتنی ئاژەڵەکانی، "دوای ئەوە کوڕه‌ گه‌وره‌که‌م له‌ ناچاری له‌ ته‌مه‌نی 10 ‌ساڵاندا رووی کرده‌ کۆڵبه‌ری و کاری سه‌ر سنوور بۆ بژێویی ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌مان.
 
ساڵح نه‌زه‌ری لەبارەی کێشه‌کانی دوای له ‌ده‌ستدانی لاقی بە رووداوی گوت، "ئێستا خۆیشم به‌هۆی له‌ ده‌ستدانی ئه‌م لاقه‌مه‌وه‌ لاقی چه‌پیشم کێشه‌ی بۆ دروست بووه،‌ زۆر ناتوانم بجووڵێم و ئێستا نه‌خۆشیی شه‌کره‌م هه‌یه‌، هه‌ندێک جار که‌ به‌پێ زۆر بڕۆم، سه‌ری لاقم بریندار ده‌بێت، ئیدی ناتوانم رێبکه‌م، جاروبار ناچارم بڕۆمه‌ سه‌ر سنوور، باری لۆرییه‌کان به‌تاڵ بکه‌م کە زۆر سه‌خته‌ و لاقم بریندار ده‌بێت". ئەو بۆیە ئەو کارە دەکات، "چونکە موچه‌که‌م زۆر که‌مه،‌ مانگانه‌ یه‌ک ملیۆن 500 هەزار تمەنە، کە دەکاتە نزیکەی 65 دۆلاری ئەمریکی. ئەوەش بەشی هیچ ناکات."
 
سامان له‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵانه‌وه‌ ده‌بێته‌ کۆڵبه‌ر
 
سامان نه‌زه‌ری تەمەنی 31 ساڵانە و کوڕەگەورەی ساڵح نەزەرییە، دوای ئەوەی باوکی لاقی لەدەست دەدات، ئه‌رکی بژێویی ژیانی بنه‌ماڵه‌که‌ی که‌وته‌ سه‌رشان، ئەو به‌ رووداوی راگەیاند، "کاتێک باوکم ساخ بوو، دۆخی ئابووریمان زۆر باش بوو، باوکم کاسبی چاکی ده‌کرد و هیچ کێشه‌یه‌کمان نه‌بوو."
 
ئەو کاتەی باوکی تووشی رووداوەکە بووە، ئەو پۆلی سێی سەرەتایی بووە و تەمەنی 10 ساڵان بووە، دەڵێت "باوکم نەیدەتوانی کار بکات، من بە ناچاری رووم کردە کۆڵبەری و سەرەتا زۆر سەخت بوو، نەمدەتوانی کۆڵەکان هەڵبگرم، کاری ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ر سنوور بوو، کۆڵبه‌ری و کرێکاریمان ده‌کرد، من له ‌منداڵیم نه‌حه‌سامه‌وه ‌و هه‌ر نه‌مزانی چۆن ئه‌رکی دابینکردنی خه‌رجی بنه‌ماڵه‌ که‌وته‌ سه‌رشانم."
 
سامان وەکو یەکێک لە کەسوکاری قوربانییانی مین، داوا دەکات پاشماوه‌ی ئه‌و مینانه‌‌ که‌ له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌یه،‌ پاکبکرێنەوە‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ که‌سیتر وه‌کو بنه‌ماڵه‌که‌ی ئێمه‌ نه‌بێته‌ قوربانی."