دەستەی گەشتوگوزار: 18 هۆتێل و مۆتێل بۆ کەرەنتین بەخشراونەتە حکومەت

01-04-2020
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن کۆرۆنا کوردستان
A+ A-
رووداو-هەولێر

لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک 18 هۆتێل و مۆتێل لەلایەن خاوەنەکانیانە بۆ کەرەنتینکردن بەخشراونەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان. دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت؛ تائێستاش 5 هه‌زار و 500 کەس کە لە دەوەوە هاتوونەتەوە كه‌ره‌نتینکراون.
 
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە هەولێر 7 هۆتێل لەلایەن خاوەنەکانیان و لەڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە حکومەت بەخشراون، هەریەک لە هۆتێلەکانی ماریانا، مای فلاوه‌ر و دارین بە تەواوی خزمەتگوزاری و کارمەندەکانیان و تووشبووانی کۆرۆنا لەوێ کەرەنتین دەکرێن".
 
بەگوتەی نادر رۆستی: "هۆتێلەکانی ماریانا و مای فلاوەر ئەو قوتابیانەی دوێنێ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەڕانەوە لەوێ کەرەنتینکراون، هۆتێل دارینیش کە پێشتر گرێبەستی لەگەڵ حکومەت کردبوو، گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە و بەبێ بەرامبەر و بە هەموو خزمەتگوزاری و کارمەندەکانییەوە پێشوازی لەو کەسانە دەکات کە بۆ کەرەنتینکردن دەبرێنە ئەوێ".
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی پارێزگای دهۆکیشەوە گوتی: "لە دهۆکیش 10 هۆتێل و مۆتێل هەن کە خاوەنەکانیان بۆ کەرەنتینکردن بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەخشیون، لە ئاکرێش هۆتێلێک".
 
بەگوتەی نادر رۆستی بێجگە لەو هۆتێل و مۆتێلانە چەندین سەرمایەداریش لە شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان باڵەخانە و خانووەکانیان پێشکەشی حکومەت کردووە بۆ ئەوەی بۆ مەبەستی کەرەنتین بەکاری بهێنن.
 
نادر رۆستی دەڵێت: "له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی كه‌ره‌نتینكردنی هاونیشتمانیانی گه‌ڕاوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شوێنە گه‌شتیارییەکانی كردووه‌ بە‌‌ شوێنی پێشوازی و كه‌ره‌نتینكردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، ئەوانیش ئامادەییان دەربڕیوە ببنە بەشێک لە پلانەکانی حکومەت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید19). له‌ ماوه‌ی رابردوودا زیاتر له‌ 5 هه‌زار و 500 گه‌ڕاوه‌ كه‌ره‌نتینكراون".
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا 176 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 61 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 2 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە