پێنتاگۆن بۆ رووداو: کارەکانمان بۆ جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت لە عێراق بەردەوامن

01-04-2020
دیار کوردە @diyarkurda
نیشانەکردن پێنتاگۆن سیستمی پاتریۆت
A+ A-
رووداو - هەولێر 

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی رایگەیاند، سیستمێکی بەرگریی دەگوازنەوە عێراق، ئەمەش بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا.
 
شۆن رۆبێرتسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی پاتریۆت لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند ''ئەمریکا سیستمێکی بەگریی دەگوازێتەوە عێراق، ئەمەش بۆ پارێزگاریکردن لە عێراق، هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لەو هەڕەشە ئاسمانییانەی بۆسەر بنکە سەربازییەکان لە عێراق هەن و هێزەکانی هاوپەیمانانی لێ جێگیرکراون".
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن راشیگەیاند، گرنگە تێبینی ئەوەبکەین بەهۆی ئەو هێرشانەی لە رابردوودا کراونەتە سەر عێراق، سەربازانی هاوپەیمانان، ئەمریکا و هەروەها عێراقییەکانیش کوژراون، هاوکات ئەم هێرشانە پێشێلی سەروەریی عێراقیان کردووە.
 
سەبارەت بە جێگیرکردنی سیستمەکە، شۆن رۆبێرتسن ئاماژەی بەوەدا، ئێستا کارەکانیان بۆ جێگیرکردنی ئەم سیستمە بەردەوامە، بەڵام لەبەر هۆکارە ئەمنییەکان وردەکاریان ئاشکرا ناکەن، بەرپرسانی عێراقیش ئاگاداری ئەوەن کە ئێمە پێویستیمان بەو سیستمە هەیە، هاوکات لەم بارەوە لە هاوئاهەنگی بەردوامدان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.
 
هاوکات پابەندی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دووپاتکردووەتەوە بۆ تێکشکاندی داعش بەشێوەیەکی یەکجارەکی و هەروەها پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق. 
 
رۆژی 30-03-2020 بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و عێراق رایانگەیاند کە ئەمریکا سیستمی پاتریۆت لە هەولێر و عەین ئەسەد جێگیردەکات. ئەمە لە کاتێکدایە لە کانوونی دووەمی رابردووەوە و دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، حکومەتەکانی ئەمریکا و عێراق دەستیان بە دانوستاندن کرد لەبارەی جێگیرکردنی سیستمی دژەمووشەکی ئەمریکی لە عێراق. 
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان راگەیاند بوو کە هەفتەی رابردوو سیستمێکی دژەمووشەکی پاتریۆت بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار گواستراوەتەوە و لەوێ جێگیردەکرێت. 
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو، سیستمێکی دیکەی پاتریۆت بۆ هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە. 
 
سیستمی پاتریۆت راداری پێشکەوتووی هەیە و لە کاتی نزیکبوونەوەی مووشەکدا سیستمە مووشەکییەکەی چالاک دەبێت بۆ تێکشکاندنی هەر مووشەکێک کە بەو ئاراستەیە دێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.