مزگەوتی سوور؛ فێرگەی سەدان مەلای گەورەی كورد

رووداو - مهاباد

لە دووریی چەند سەد مەترێك لە مەیدانی مەلا جامی، گومبەزێكی سوورباو دیارە. گومبەزی مزگەوتێكی مێژوویی و كولتووریی ناوچەكەیە بەنێوی "مزگەوتی سوور" كە خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و زۆرترین خەڵكی شاری مەهاباد حەز دەكەن نوێژی هەینی لەوێ بكەن، هەروەها گەشتیاران و مێژوودۆستانی بۆ لای خۆی كێش كردووە.

هۆشمەند كەریم لە باشووری كوردستانەوە گەشتی رۆژهەڵاتی كردووە، لە نێو حەوشە پڕ سەوزاییەكەی مزگەوت سەرقاڵی وێنەگرتنە، دەخوازێ هونەری بیناسازی و سەوزایی و گومبەزەكە بخاتە نێو وێنەیەكەوە‌. هۆشمەند بە (رووداو)ی گوت: "بە مەبەستی بینینی شوێنەوارەكانی رۆژهەڵات هاتووم. خەڵكی مەهاباد گوتیان: سەردانی مۆزەخانەی مامۆستا هێمن، مۆزەخانەی فەرهەنگیی مەهاباد و مزگەوتی سوور بكە. بە وردی چاوم لەنێو ئەم مزگەوتەدا گێڕا، زۆر خاڵی سەرنجڕاكێش و تایبەتمەندی هەیە، 340 ساڵ لەمەوبەر بەم شێواز و دیزاینە جوانە دروستكراوە، ئەم خشتە رێك و سوورەی تێدا بەكارهاتووە و سەقفی هۆڵی نوێژكردن، گومبەز گومبەز سازكراوە، كەشوهەوای ئێرە زۆر تایبەتە، لە بینینی ئەم مزگەوتە چێژم وەرگرت".

مزگەوتی سوور، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سەفەوییەكان دروستكراوە، لەو كاتەی "بوداق سوڵتانی موكری" دەبێتە حاكمی ناوچەكە، بڕیاری دروستكردنی ئەو مزگەوتە دەدرێ. فەرەیدون حەكیمزادە، نووسەر و توێژەری كورد بە (رووداو)ی گوت: "مزگەوتی سووری مەهاباد، ساڵی (1678) بە فەرمانی شا سلێمانی سەفەوی و لەژێر دەستی بوداق سوڵتانی موكری دروستكراوە. 340 ساڵ بەسەر دروستكردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، تەنیا جارێك رووی دەرەوەی نۆژەن كراوەتەوە. دیارە كاتی خۆی ئەم مزگەوتە لە ڕووی بیناسازییەوە بایەخی زۆری پێدراوە، زۆر بە هونەری و تایبەتی دروستكراوە".

مزگەوتی سوور لەسەر رووبەری (1260) مەتر چوار گۆشە دروستكراوە. 10 ستوونی بەردی و 18 گومبەزی تێدایە، نێوانی ستوونەكان چوار مەتر و نیوە، دوو دەرگای تێدایە، دەرگای باشوور و دەرگای باكوور، تەواوی مزگەوتەكە لە خشتی سوور دروستكراوە. خاوەنی ئاوی خۆیەتی، لەسەر بەردێكی لای دەرگای مزگەوتەكە بوداق سوڵتان نووسیویەتی :"سوپاسی خودا دەكەم، كە یارمەتیدام بۆ سازكردنی ئەم مەدرەسە شەریفە".

فەرەیدون حەكیمزادە كە كتێبێكی بە ناونیشانی "ساوجبلاخ مكری، تاریخ تحولات اجتماعی، سیاسی و اقتصادی مهاباد) نووسیوە، دەڵێت "لە ساڵی 1969 وە مزگەوتی سوور بە شوێنەواری نەتەوەیی دانراوە".

هەر سەبارەت بەم مزگەوتە، نووسەر و لێكۆڵەری مەهابادی محەممەد ئەحمەدیان بە (رووداو)ی گوت: مزگەوتی سوور، مزگەوتێكی جوانە و لە نێوەڕاستی شاری مەهاباد هەڵكەوتووە، بوداق سوڵتان دەستی هەبووە لە خزمەتكردنی ناوچەكەدا، بۆ نموونە دە ساڵ پێش ئەم مزگەتە پردی سووری لەم شارە دروست كردووە، بە داخەوە ئێستا ئاسەواری پردەكە نەماوە".

لەمەڕ گرنگیی ئەو مزگەوتە بۆ خوێندنی ئاینی و فەقێیەتی و پێگەیاندنی مەلای دیار و شارەزا، ئەحمەدیان گوتی: "لەدوای تەواوكردنی مزگەوتەكە بوداق سوڵتان بەدوای مەلایەكی زیرەك و بەتوانادا گەڕاوە، لەم ناوچەیە مەلا و عالمی بەدەست نەكەوتووە، بۆیە چووەتە مەریوان، لە بنەماڵەی مەلا ئەبوبەكری موسەنیف، مەلا جامی هێناوە و كردوویەتی بە یەكەم مەلای مزگەوتی سوور، مەلا جامی حوجرەی تێدا كردووەتەوە. دواتر بنەماڵەی زەكی، مەلا و مودەڕیسی ئەو مزگەوتە بوون، مەلا رەسووڵی زەكی مەلایەكی بەرچاو بووە، بە دەیان و سەدان فەقێی هەبووە، تەنانەت موفتی زەهاوی لەو مزگەوتە فەقێ بووە و لای مەلا زەكی خوێندوویەتی كە 50 ساڵ موفتی عێراق بووە". 

ئەحمەدیان كە ئێستا سەرقاڵی نووسین و ئامادەكردنی كتێبێكە لەمەڕ "مەلاكانی ناوچەی موكریان"، گوتیشی "چەندین بنەماڵەی دیار و بەرچاو و بەتوانا لەو مزگەوتە دەرسیان  گوتووەتەوە و جێگە و پێگەیان لە مێژووی فەقێیەتی و مەلایەتی دیارە، هەروەها مەلا محەممەدی یایی لە بنەماڵەی یایی، ئەو كەسە گەورەیەیە كە ئیجازەی مەلایەتی بە عەلامە قزڵچی و مەلا عەبدوڵڵای پیرەبابی داوە". 
حوجرەی مزگەوتی سوور ئێستاش كراوەیە و بەردەوام فەقێی تێدایە.