روودا ودیجیتاڵ
قایمقامیەتی سۆران لیژنەیەکی تەندروستی پێکهێناوە و دەچنە نێو هەموو نۆرینگە، دەرمانخانە و تاقیگەیەک، دەرمان بە دەرمانی نێو نۆرینگە و دەرمانخانەکان دەپشکنن.
کاری لیژنەکە پشکنینی دەرمانە، بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران پێکیهێناوە و بە فەرمانی داواکاری گشتی ئەو شارە، هەر نۆرینگە و دەرمانخانەیەک دەرمانی بەسەرچوو، دەرمانی بێ ستیکەر، قاچاخ و رێگەپێنەدراو بفرۆشێت، دایدەخەن و ناو و ناونیشانی بڵاودەکەنەوە.
زیاد حەسەن، سەرۆکی لیژنەکەیە و دەڵێت، "دەبێت ئەو دەرمانانە لە دەرمانخانەکان بن کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و کواڵیتی کۆنترۆڵەوە ستیکەری لێدراوە و دەبێت نرخی دەرمانیش هاوتابێت لەگەل ئەو نرخەی لەسەر ستیکەر هەیە، ئەگەر زۆر دەرمانی بێ ستیکەر لە دەرمانخانەکە ببینین و قاچاخ بن ئەوا بێ دوودڵی شوێنەکە دادەخرێ و رەنگە رەوانەی دادگا بکرێت."
لە ماوەی چوار رۆژدا 28 دەرمانخانە و نۆرینگەیان لەو سنوورە داخستوون. لەچۆمان 12، لە خەلیفان 7 و لە ناوەندی سۆرانیش 10 شوێن داخراون. لیژنەکە بەگوێرەی ئاستی سەرپێچییەکە سزای پێبژاردن، داخستن و تاوەکو دانیان بە دادگا بەسەردا دەسەپێنن.
محەمەد سەلیم، هاونیشتمانییە و باس لەوە دەکات، "حەزدەکەم ئەو پشکنین و بەدواداچوونانە بەردەوام بن و ئەگەر شوێنێکیش سزادرا پێویستە بەڵێننامەی لێ وەربگرن کە سەرپێچییەکەی دووبارەی نەکاتەوە."
بەدواداچوونی وردی ئەو لیژنانە بەردەوام دەبێت، لەمەودواش کردنەوە و دانانی نۆرینگە و دەرمانخانەی دیکە لە سنوورەکە سنووردار دەکرێت و بە ئاسانی رێگەی پێنادرێت.
دکتۆر کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆرانە و لەبارەی ئەو هەڵمەتەوە باس لەوە دەکات، "بەدڵنیاییەوە تەندروستیی هاووڵاتییان لای ئێمە هێڵی سوورە، لەمەودوا بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک لە سەرووی بەرژەوەندی و تەندروستیی هاووڵاتییانەوە نیە و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەین و هەرکەسێک پابەند نەبێت و تەندروستیی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە بەدڵنیاییەوە دایدەخەین و ناوەکەشی بڵاودەکەینەوە."
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران 500 نۆرینگە، دەرمانخانە و تاقیگەی پزیشکی ئەهلی هەن، 200ـیان لە ناوەندی سۆرانن و ئەوانی دیکە لە قەزاکانی دیکەی ئیدارەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ