حەیدەر شەشۆ: جێبەجێکردنی پەیامی ئۆجەلان دەبێتە ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال

01-03-2025
نالین حەسەن
نالین حەسەن
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەیدەر شەشۆ
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەیدەر شەشۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان بە رووداوی راگەیاند، کە پەیامی ئۆجەلان لە بەرژەوەندی کوردان دایە و پێویستە هەموو گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە گوێ لەم بانگەوازە بگرن. ئاشکرای کرد کە جێبەجێکردنی ئەم پەیامە ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات.
 
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە کاتی بەشداری لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو، رایگەیاند، "پەیامی ئۆجەلان لە بەرژەوەندی کوردان دایە و ئەوان هیوادارن حکومەتی تورکیا مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ پەیامی ئۆجەلان بکات و حکومەتی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان نیازی خۆی بەرامبەر ئەم بانگەوازە نیشان بدات و لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون مامەڵە لەگەڵ کوردان بکات، هەروەها پێویستە تورکیا ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکات."
 
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان پێیوایە، جێبەجێکردنی ئەم بانگەوازە "ئاسان نییە" و بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەم پەیامە قبووڵ بکەن، بەڵام لە هەمانکاتدا جەختیکردەوە، "بەرپرسیارییەتی گەورەتر دەکەوێتە سەر حکومەتی تورکیا و ئەردۆغان کە پێویستە هەنگاو بنێت و متمانە دروست بکرێت".
 
سەبارەت بە کاریگەری ئەم پەیامە لەسەر شنگال، حەیدەر شەشۆ دەڵێت: "پێویستە گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە لە شنگال گوێ لەم بانگەوازە بگرن، هەروەها پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و رێگا و دەرفەت بەو گرووپانە نەدات چەک بەکاربهێنن".
 
بەگوێرەی گوتەکانی حەیدەر شەشۆ، "جێبەجێکردنی ئەم پەیامە ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات، لەبەر ئەوەی هەندێک ئاستەنگی هەن و هەندێک لایەنی نزیک لە پەکەکە لە شنگال دەبنە هۆکار یان بیانوو کە حکومەتی عێراق بڵێت بەهۆی بوونی ئەو لایەنانە ناتوانن رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێ بکەن، بەتایبەتی کە هاووڵاتییانی عێراقی لەناو ئەو گرووپانەدا هەن".
 
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان باس لەوەش دەکات: "نزیکەی 1500 شەڕکەر بە ناوی ئۆجەلان و بە لۆگۆی پەکەکە لە شنگال هەن، کە خەڵکی شنگال بە هەموو پێکهاتەکەیەوە جێگایان تێدا دەگرن و پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی شنگال لەبەرچاو بگرن و نەیکەنە قوربانی بەرژەوەندی کەسێک. من هیوادارم خەڵکەکەمان کە لەبەر نانی منداڵەکانیان تێکەڵ بە ئەوان بوون، نەبنە قوربانی".
 
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، حەیدەر شەشۆ گوتی: "پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەم پەیامە جێبەجێ بکەن، لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دایە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمە ناڵێین بێ مەرج چەک دابنێن. پێویستە دەوڵەتی سووریا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون لەگەڵ کوردان هەڵسوکەوت بکات و مافی گەلی کورد دەستەبەر بکات".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە لیبیا 42 کۆچبەری کورد دەستگیر دەکرێن؛ زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن

ماوەی شەش رۆژە 42 گەنجی کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، لە کەناراوەکانی لیبیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە