رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، زانکۆی سۆرانە. دوای 16 ساڵ لە بنیاتنانی تاوەکو ئێستا خاوەنی یەک ژووریش نیە بۆ مانەوەی قوتابییانی. دوو هەزار قوتابی زانکۆیەکە بەسەر 19 خانوو و باڵەخانە دابەشکراون و هەموویان بەکرێگیراون.
دووری بەشە ناوخۆییەکان لە زانکۆ، نەبوونی خزمەتگوزاری تەواو، خەرجیی زۆری کرێکەیان، کێشەی گەورەی قوتابییانن و تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراون.
خەلات جەمیل، قوتابیێکی زانکۆیەکە و باس لەوە دەکات، "ئەو بەشەناوخۆییەی منی لێم زۆر دوورە لە زانکۆ، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانم هەزار و 500 دینارم بە تاکسی دا و ئەگەر بشگەڕێینەوە دەبێت پارە بدەین، رۆژانە دەکاتە سێ هەزار دینار."
لینا یەعقوب، یەکێکی دیکەیە لە قوتابیانی زانکۆکە و دەڵێت، "هەندێک لە بەشەناوخۆییەکان هەم دوورن هەم مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە، بۆ نموونە ئەو بەشە ناوخۆییانە لەسەر رێگەی سەرەکین و زۆرجار دەبێتە مەترسی بۆ قوتابییەکان، پار قوتابیێک لێرە وەستابوو ئۆتۆمبێلێک هات و خۆی پێدا کێشا."
بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوەی قوتابییان، لەسالی 2016 بەگوژمەی 15 ملیۆن دۆلار دەست بە دروست کردنی دوو باڵەخانە کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەی تەواونەکردنی باڵەخانەکان لەنێوان حکومەت و کۆمپانیای جیبەجێکار ماوەتەوە. ئێستا لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێکهێندراوە.
د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران لەبارەی نەبوونی بەشەناوخۆیی لەنێو زانکۆکە دەڵێت، "تەنانەت یەک ژووریشمان نییە موڵکی زانکۆی سۆران بێت، ئەوەی کە هەیە گشتی بەکرێ گیراوە، ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دینار کرێی بەشەناوخۆییەکانمانە، هیچ بە دڵی ئێمە نییە، چونکە قوتابییانمان پەرت و بڵاوبوونەتەوە بەنێو شاردا و ئەوە زۆر زۆر ناچارییە، ئەگەر بەشە ناوخۆییەکانمان تەواو بووبان نزیکەی 700 قوتابی ئێمە لە بەشەناوخۆیی دەبوون لەنێو زانکۆی سۆران کە دەمانتوانی زیاتر خزمەتیان بکەین و ئەوانیش زیاتر ئاسودە دەبوون."
ئێستا لە زانکۆی سۆران زیاتر لە 6 هەزار قوتابی دەخوێنن. لەو ژمارەیە دوو هەزاریان لە بەشەناوخۆییەکان دەمێننەوە و ئەوانی دیکە هاتووچۆ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ