رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەیامەکەی ئۆجەلان دەڵێت، دەستێوەردان لە کێشەی کورد لە هیچ وڵاتێک ناکەن، بەڵام تاوەکو ئەو شوێنەی پەیوەندی بە حیزبی ئەوانەوە هەبێت، دەیانەوێت رۆڵی خێر بگێڕن.
ئەمڕۆ شەممە، یەکی ئایاری 2025، خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژهەڵاتی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو باوەڕەدایە، باشترین رێگەچارە بۆ پرسی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، رێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆیە، بەڵام زووە جارێ بزانین داهاتووەکەی چۆن دەبێت."
خالید عەزیزی دەڵێت، "ئەوەی کە گرنگە لە میدیا و بەرپرسانی تورکیا دەبینین، پرسی کورد جیدییە. لەو باوەڕەداین دۆسیەی کورد بە گشتی لە هەموو پارچەکاندا نادیدە ناگیرێت."
گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راشیگەیاند، "تاوەکو ئەو شوێنەی پەیوەندی بە حیزبی ئێمەوە هەبێت، لە رابردووشدا هەروا بووە کە ویستوومانە رۆڵی خێرمان هەبێت، سیاسەتی ئێمەش لەوەدا روونە کە دەستێوەردان لە کێشەی کورد لە هیچ وڵاتێک ناکەین، بەڵام پشتیوانی لە گفتوگۆی ئاشتییانە دەکەین."
رۆژی 27-02-2025، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلان لەلایەن ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵی بە زمانی کوردی خوێندرایەوە. دواتر پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پەیامەکەی بە زمانی تورکی خوێندەوە. دەم پارتی وێنەی نامە دەستییەکەی ئۆجەلانی بڵاوکردەوە کە بە زمانی تورکی نووسیبووی.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ