گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق: بە درۆن چاودێریی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا دەکەین

01-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، هیچ ترسێک لە سنوورەکان نییە و ئامادەی هەر "رووبەڕووبوونەوەیەکی تیرۆریستانین؛ لە نێوخۆشدا رۆژانە ئۆپەراسیۆن بۆ نەهێشتنی پاشماوەی چەکدارانی داعش دەکەین".
 
ئەمڕۆ شەممە، 1-3-2025، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سنوورەکانمان بە تەواوی تووندوتۆڵ کراون. فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان کار بۆ سەقامگیرکردنی تەواوی سنوورەکان دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ سووریا". 
 
سەباح نوعمان دەڵێت: "لە سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا، تەلی دڕکاوی و دیواری کۆنکرێتی دانراون. ئێستا زیاتر لە نیوەی رووبەری سنوورمان لەگەڵ سووریا بە دیواری کۆنکرێتی تووندوتۆڵ کراون". 
 
لەبارەی هێڵەکانی پاراستنی سنوور، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزی پێویستی پاسەوانی سنوور لە هێڵەکانی پێشەوە و لە هێڵەکانی پشتەوەش سوپا و حەشدی شەعبی هەیە. لە سنوورەکان بە گشتی و لە سنووری سووریا بەتایبەتی کامێری چاودێری وردبین و پێشکەوتوو دانراون؛ رۆژانەش بە درۆن چاودێری سنوورەکان دەکرێت".
 
سەباح نوعمان دڵنیایی دەدات لەوەی "هیچ ترسێک لە سنوورەکانمان نییە و هێزەکانمان بە تەواوی ئامادەی هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی تیرۆریستانن، لەنێوخۆشدا هێزەئەمنییەکان رۆژانە ئۆپەراسیۆن بۆ نەهێشتنی پاشماوەی چەکدارانی داعش دەکەن". 
 
هاوکات عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقیش رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییەکمان بۆ دانانی دیواری کۆنکرێتی لە سنوورەکانمان لەگەڵ ئێران بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام لە سنوورەکانی تورکیادا بنکە دروست دەکەین و کامێرای پێشکەوتووی چاودێریش دادەنێین". 
 
عێراق لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر، لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر و لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر سنووری هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە