زیاتر لە 30%ـی بەربژێرەکانی پەرلەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کشانەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پێش دەستپێکردنی دەنگدان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان 30%ـی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کشانەوە.
 
بە پێی راپۆرتی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن لە کاژێر 8ـی بەیانیی رۆژی هەینی، 414 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمان کە شیاوبوونیان پەسندکرابوو، لە پڕۆسەکە کشانەوە کە دەکاتە زیاتر 30%ـی کۆی ئەو کەسانەی بەربژێر بوون.
 
لە پارێزگای لوڕستان، شیاوبوونی 384 کەس بۆ بەربژێربوون لە خولی دوازدەیەمی هەڵبژاردنی ئێران پەسند کرابوو، بەڵام پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن 126یان کشانەوە و 258 کەس کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 9 کورسییەکەی ئەو پارێزگایە دەکەن.
 
هەروەها لە پارێزگای ورمێ لە کۆی 385 بەربژێر کە شیاوبوونیان پەسندکرابوو، پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن 100 بەربژێر کشانەوەی خۆیان راگەیاند.
 
لە پارێزگای کرماشانیش لە 294 بەربژێر کە شیاوبوونیان پەسندکرابوو، 95یان پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن کشانەوە. زیاترین کەس لە بازنەی شاری کرماشان کشانەوە کە ژمارەیان 34 بەربژێر بوو. هەروەها لە بازنەی پاوە، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و روانسەریش 10 بەربژێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن کشانەوە.
 
هەروەها لە پارێزگای سنە لە 184 کەس کە شیاوبوونیان پەسندکرابوو، 133 بەربژێر چوونە کێبڕکێی هەڵبژاردن و 51 کەسیان پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن کشانەوە.
 
لە پارێزگای ئیلامیش شیاوبوونی 96 کەس بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە دوو بازنەکەی ئەو پارێزگایە پەسند کرابوو کە پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن 42 کەسیان کشانەوە و 54یان لە پڕۆسەکەدا مانەوە.
 
بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شیاوبوونی هەزار و 343 کەس بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێران پەسند کرابوو.