رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی مهاباد- بۆکان لە سنووری پارێزگای ورمێ، کە بە رێگەی بورهان دەناسرێت، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوی یەکەم لە نزیک گوندی کانی تۆمار و لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت بووە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسیش بریندار بوون.
رووداوی دووەمیش لە نزیک گوندی زگدڕاو بووە کە ئۆتۆمبێلێک وەرگەراوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
تاهیر ئاریا، بەرپرسی فریاکەوتنی مهاباد رایگەیاند، لە هەردوو رووداوەکەی سەر رێگەی نێوان مهاباد- بۆکان دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسیش بریندار بوون. راشیگەیاند، بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی مهاباد.
رێگەی نێوان مهاباد- بۆکان کە رێگەی بورهانیشی پێدەگوترێت، یەکێک لەو رێگەیانەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵانە زۆرترین رووداوی هاتووچۆی تێدا روودەدات، بۆیەش لە نێو خەڵکدا وەک "رێگەی مەرگ" دەناسرێت.
رۆژی 22-01-2024، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 584 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایەدا گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی محەممەد سادق موعتەمیدیان، هۆکاری 70%ـی رووداوەکانی هاتووچۆ، هەڵەی مرۆیی و شۆفێرەکان بووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش دەبێت ئاستی هۆشیاریی شۆفێرەکان بەرزبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ