خوێندنی کوردی لە کەرکووک: 8600 مامۆستا و فەرمانبەرمان مووچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن

01-03-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەکات، پرۆگرامەکانی خوێندن بە هەردوو زمانەکانی کوردی و تورکمانی بۆ قوتابخانەکان چاپبکرێن و مامۆستایان بۆ دابینبکرێت. بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردییش لە کەرکووک دەڵێت، 18 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان کتێبیان بۆ چاپ دەکات و مووچەی مامۆستاکانیان دەدات.
 
رۆژی چوارشەممە 1ـی ئاداری 2023، پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2003ـەوە کە قوتابخانە کوردییەکان کراونەتەوە، هەموو پێداویستییەکانی خوێندنی کوردی، مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانیشمان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێت و حکومەتی فیدراڵیی عێراق هیچ هاوکارییەکی نەکردووین." 
 
لە بەشێکی نووسراوێکدا کە رێککەوتی 20ـی شوباتی لەسەرە، ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک دەکات، پرۆگرامەکانی خوێندن بە هەردوو زمانەکانی کوردی و تورکمانی بۆ قوتابخانەکان چاپبکرێن کە خوێندن تێیاندا بەو زمانانەیە؛ لەگەڵ تەرخانکردنی مامۆستای زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ ئەو قوتابخانانەی کە خوێندنیان بەو زمانانەیە.
 
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردیی لە کەرکووک دەڵێت، لە 18 ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق ئامادە نەبووە کتێبیشیان بۆ چاپبکات و گوتیشی: "ئەوەی حکومەتی عێراق بۆ خوێندنی کوردی دەکات تاقیکردنەوەکانە؛ ئەویش دەڵێن داننانێین بە تاقیکردنەوە و بڕوانامەی هەرێمی کوردستاندا." 
 
پەروین فاتیح باسی لەوەشکرد کە لە دامەزراندن و هەموو هاوکارییەکانی پەروەردەدا حکومەتی عێراق خوێندنی کوردی پشتگوێ خستووە و دەڵێت: "لە ماوەکانی رابردوودا بڕیاری دامەزراندنی 17 هەزار و 500 مامۆستای گرێبەست بۆ کەرکووک درا، بە زەحمەت توانیمان لەو ژمارەیە هەزار و 750 گرێبەستیان بۆ مامۆستایانی خوێندنی کوردی بن." 
 
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد کە لە 25ـی مانگی 1ـەوە هەموو هاوکارییەکیان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە "وەستێندراوە" و لەبارەی هۆکارەکەی گوتی: "سەرقاڵی وردبینی و کارکردنن بۆ گواستنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی بۆ سەر عێراق، کە لە بودجەی ساڵی 2023 پارەیان بۆ تەرخانبکرێت." 
 
لەبارەی مووچەی مانگی یەکی مامۆستایانی خوێندنی کوردی، پەروین فاتیح گوتی، مووچەی مانگی یەک لە هەرێمی کوردستانیش دابەشنەکراوە کە لەوێ دابەشکرا بۆ کەرکووکیش دەنێردرێت؛ گوتیشی: "لە چەند رۆژی رابردوودا 550 لاپتۆپمان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابینکرا؛ ئەوەی هەمانە و نیمانە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوەیە." 
 
لە کەرکووک 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن کە سەر بە خوێندنی کوردین؛ 98 هەزار قوتابی و 10 هەزار فێرخوازی باخچەی ساوایان لەلایەن 7 هەزار و 850 مامۆستا و 750 وانەبێژەوە وانەوە وەردەگرن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.