سەرۆککۆماری عێراق بۆ کۆڕبەندی هەولێر: بە گفتوگۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق لە رێگەی گوتارێکەوە لە کۆربەندی هەولێر 2023 ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بنیاتنانەوە و گەشەکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات کرد و گوتیشی: "گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری پرسەکانی وەکو نەوت و گاز، مادەی 140 و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بەردەوامە."
رۆژی چوارشەممە 01-03-2023، یەکەم رۆژی کۆڕبەندی هەولێر بەڕێوەچوو و بڕیاربوو تێیدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گوتارێک پێشکێشبکات، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و دواتریش بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وڵاتە بێلایەنەکان لە باکۆ، نەیتوانی لە کۆڕبەندەکەدا بەشداری بکات و لە رێگەی عەدنان ئیبراهیم، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراقەوە گوتارەکەی خوێندرایەوە.
سەرۆککۆماری عێراق لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە عێراق دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە و لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق توانرا پشتیوانییەکی فراوان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستەبەربکرێت کە ئامانجی کابینەکە، چاکسازی و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق و چارەسەری کێشەکانی نیشتەجێبوون و بێکارییە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا لەتیف رەشید ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و دەڵێت: "ئێستا شاندە هاوبەشەکان گفتوگۆ لەسەر مادەی 140 و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەکەن و نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لە حکومەتی فیدراڵیدا بەشدارن."
سەرۆککۆماری عێراق گوتیشی: "گفتوگۆ لەبارەی پرسی پێشمەرگە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی ئاوارەکان و چارەسەری کێشەی زەوی بەگوێرەی دەستوور بەردەوامن. پێویستە هەردوو حکومەت بەردەوام بن لە گفتوگۆی زیاتر و بنیاتنەرانە بۆ ئەوەی چارەسەری ئاشتیانە بدۆزنەوە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان."
بەشێکی دیکەی گوتارەکەی سەرۆککۆماری عێراق لە کۆڕبەندی هەولێر تایبەت بوو بە گۆڕانی کەشوهەوا و رایگەیاند: "عێراق کاریگەرییەکی زۆری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. خۆڵبارین، بەبیابانبوون، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و لاوازی ژێرخان بەرۆکی عێراقیان گرتووە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون. پێویستە هەنگاو بنێین و بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییانە، هاوبەشی هەرێمی و نێودەوڵەتی بدۆزینەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، دووەمین کۆڕبەندی هەولێر بە ناونیشانی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و دامەزراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە هەولێر دەستیپێکرد.
ناوەند و دامەزراوەكانی وەك پەیمانگەی واشنتن، ئەتڵەنتیک کاونسڵ، ویڵسن سەنتەر، مێزگردی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، سەنتەری ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە شام، سەنتەری خوێندنەوەی ئیتاڵی، ئۆرسام، ئیرام، قەمەر ئینرجی، ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ڤیژن ئیجوکەیشن، سید فاوندەیشن و فایڤ وەن لاب وەك هاوبەشی سەرەكی، لە بەڕێوەبردن و رێكخستنی چالاكییەكانی كۆڕبەندی هەولێر- 2023ی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو بەشدارن.
جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕن و كوردستانیش لە نێو جەرگەی ئەم گۆڕانەدایە. تەوەرە سەرەکییەکانی كۆڕبەندی 2023ـی هەولێریش لەسەر بنەمای ئەو خاڵە وەرچەرخانە داڕێژراون كە ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت. دەیان پسپۆڕ، سیاسی و رۆژنامەڤانی نێوخۆیی و دەرەكیش بەشدارن و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە دەکەن.