گوتەبێژی بزووتنەوە: شوێنگرەوەی پێنج کورسییە بەتاڵەکەی یەکگرتوو لە پەرلەمان هەموویان بزووتنەوەی ئیسلامین

01-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، بۆ دەستبەکاربوونی بەربژێرەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان لە شوێنی پێنج پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکەی یەکگرتوو، چاوەڕێی رێکارەکانی پەرلەمان دەکەن. دەشڵێت، "هەموو ئەو بەربژێرانەی دەچنە شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو، بزووتنەوەی ئیسلامی دەبن."
 
رۆژی چوارشەممە، 01-03-2023، عەبدوڵڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لەبارەی پڕکردنەوەی ئەو پێنج کورسییەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کە ئەمڕۆ دوای پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکانیان بە بەتاڵی ماوەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر بڕیار بێت بەربژێرەکانی "لیستی بەرەو ئیسڵاح" شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو پڕبکەنەوە، "ئەوا بەربژێرەکانی ئێمە هەموویان بزووتنەوەی ئیسلامین و کەسانی دیکە نابێت بەناوی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە ئەو کورسییانە پڕبکەنەوە."
 
پێشتر تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی لەبارەی شوێنگرەوەی پێنج پەرلەمانتارە دەستلەکاركێشاوەکەی یەکگرتوو بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو دەستی کەوتبوون، هەندێک لە شوێنگرەوەکان رەنگە بزووتنەوە نەبن، یان خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.
 
بەڵام عەبدوڵڵا وەرتێ گوتی: "ئەوە راست نییە، چونکە بەڕێز کاک کامیل مەحموود، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامییە و نەسرین تۆفیقیش ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامییە و هەردووکیان دوو بەڕێزی ئێمەن و بزووتنەوەی ئیسلامین، بۆیە ئێمە پەیوەندییمان بە خەڵکی دیکەوە نییە و ئەو کەسانەی وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی دەڕۆنە پەرلەمان بزووتنەوەی ئیسلامین و خەڵکی دەرەوەی ئێمە نین و نابن."
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کە چەند جارێک ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەوان هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەبارەی چوونیان بۆ پەرلەمان نەداوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "بەپێی ئەو رێککەوتنەی ئێمە و یەکگرتووی ئیسلامی، ئەگەر هەندێک کەس هەیە کە وەکو سەربەخۆ بەشداربوون نەچنە پەرلەمان، ئەوا هەر پێنج ئەندامەکەی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی دەستلەکارکێشاوە، بزووتنەوەی ئیسلامی دەبن و کەسانی دیکە بە ناوی بزووتنەوەوە ناتوانن کورسیی پەرلەمان پڕبکەنەوە و رێگەپێدراو نابێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خولی بەهارەی کرد و تێیدا دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتاری پەسند کرد کە پێکهاتبوون لە: شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەبوبەکر عەبدوڵڵا، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد و هلز ئەحمەد، پەرلەمانتارانی یەکگرتوو؛ هەروەها پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و کازم فارووق. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو کەسانەی بزووتنەوەی ئیسلامی کە وەکو شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی یەکگرتوو دەیانناسێنێت بریتیین دەبن لە: عەبدوڵڵا وەرتێ، کامیل مەحموود، لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، نەسرین تۆفیق و یوسف ئەحمەد.
 
رۆژی 30ـی 9ـی 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لیستی بەرەو ئیسلاح کە لە یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی پێکدەهات، لەو هەڵبژاردنە 67 هەزار و 712 دەنگی بەدەستهێنا، بەو پێیە پێنج کورسیی لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمان بەدەستهێنا، کە سەرجەمیان بەربژێرانی یەکگرتووی ئیسلامی بوون و ژمارەی دەنگەکانیان بەمشێوەیە بوو: 
 
- د. شێرکۆ جەودەت: 11 هەزار و 70 دەنگ
- ئیسماعیل سگێری: 9 هەزار و  983 دەنگ
- ئەبوبەکر هەڵەدنی: 6 هەزار و  292 دەنگ
- سەرچنار ئەحمەد: 2 هەزار و  84 دەنگ
- هلز ئەحمەد: هەزار و  230 دەنگ
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.