رووداو دیجیتاڵ
پێش 35ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە دەکاتە 16ـی ئادار، شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و گەڕان بەدوای منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، دەچنە ئێران.
كامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجەوە، 211 منداڵی هەڵەبجە بێسەروشوێنن و چارەنووسیان دیار نییە. 36 خێزانیش بەفەرمی سکاڵای ونبوونی منداڵەکانیان تۆمارکردووە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە داتای گشتیی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە ئاشکرا دەکات و دەڵێ "لە دوای تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، 18 منداڵ گەڕاونەتەوە، کە پێنجیان دوای کەمتر لە شەش مانگ لە تاوانەکە گەڕانەوە لای خێزانەکانیان، 4 منداڵیش لە رێگەی پشکنینەوە چارەنووسیان یەکلابووەتەوە، بەڵام بەشێکیان تائێستا چارەنووسیان یەکلانەبووەتەوە و پشکنین بۆ 12 منداڵ کراوە، کە هەندێکیان دوای زیاتر لە 30 ساڵ دۆزراونەتەوە".
لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆردێکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون و بڕیاردان لەسەر پشکنین و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی رەچەڵەکی ئەو منداڵانەی لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالدا ونبوون، بۆردەکە پێکدێت لە نوێنەری وەزارەتەکانی؛ تەندروستی، داد، ناوخۆ، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان سەرپەرشتی دەکات.
لەبارەی کارەکانی بۆردەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە گوتی، بۆردەکە دەستبەکار بووە و چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە، بڕیارە پێش 16ـی 3، سەردانی ئێران بکات بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان، بۆ ئەو مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ مانگی سووری عێراقی و کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر کراوە تاوەکو لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و تەندروستیی ئێرانەوە لە چارەنووسی منداڵە ونبووەکان بکۆڵنەوە.
کامەران مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەوانەی خۆیان بە منداڵی ونبوو دەناسێنن، بۆردەکە لێکۆڵینەوەی ورد لە راستی و دروستی دۆسیەکانیان دەکات و دواتر بە بڕیاری دادگە پشکنینی تایبەتی DNAـیان بۆ دەکرێت: "چونکە لە رابردوودا خەڵک هەبووە بەفێڵ خۆی بە هەڵەبجەیی ناساندووە.
بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە دەشڵێت، ئەو چوار منداڵەی چارەنووسیان یەکلابووەوە و گەڕانەوە بۆ لای خێزانەکانیان، دووانیان هیچیان بۆ نەکراوە و یەکێک لەو منداڵانە تاوەکو گیانی لەدەستدا، هیچی بۆ نەکرا.
لەکۆتایی ساڵی 2022، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی داشکاندن بۆ کەسوکاری شەهیدان لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان بکرێت.
کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە دەڵێت: "لەماوەی رابردوودا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدابوو بۆ ئەوەی کەسوکاری شەهیدان لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێ بەرامبەر و لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان 50٪ داشکاندنیان بۆ بکرێت، بەڵام هیچ نەخۆشخانەیەک پابەند نەبوو بە بڕیارەکەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ