رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بڕیارێکی حکومەتی عێراق لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە نووسراوەکانی فەرمانگەکانی پارێزگای کەرکووک، بە "پێشلێکردنی دەستوور" دەزانێت و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، چاو بە بڕیارەکەدا بخشێنێتەوە.
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، دەبێت زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت. ئەمەش نیگەرانیی تورکیای لێکەوتووەتەوە و پێیوایە ئەمە سنووردارکردنی بەکارهێنانی زمانی تورکمانییە لە پارێزگاکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "ئەم بڕیارە مافە بنەڕەتییەکانی تورکمانەکان کە رۆڵی سەرەکی و دامەزرێنەریان لە بونیاتنانی دەوڵەتی عێراقدا بینیوە پێشێل دەکات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بڕیارەکە بە راشکاوی پێشێلی دەستووری عێراق دەکات، چونکە لە ماددەی چوارەمی دەستووردا هاتووە کە زمانی تورکمانی لەو یەکە کارگێڕییانە زمانی فەرمییە کە تورکمانەکان زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، هەروەها لە ماددەی 125ـی دەستووری عێراقدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە مافە کولتووری و کارگێڕییەکانی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق مسۆگەرکراوە".
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 20-02-2023 ئەو نووسراوەی ئاراستەی راکان جبووری کردووە، ئەوەش پاڵپشت بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای پەیوەندار بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان.
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لەسەر تابلۆکانی دەرەوە و ناوەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کەرکووک سوود لە زمانی پێکهاتەکانی شارەکە وەربگیرێت.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، جگە لە زمانی عەرەبی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانی لە قوتابخانەکان چاپ بکات کە خوێندن تیایاندا بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانییە؛ هەروەها دەبێت مامۆستای تایبەت بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ ئەو قوتابخانانە دابینبکرێن کە خوێندن تیایاندا بەو زمانانەیە.
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، پێویستە ئەو فەرمانە کارگێڕییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک دەردەچن بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "ئەم جۆرە هەنگاوانە ماف و هەستیارییەکانی تورکمانەکان نادیدە دەگرن کە پێکهاتەیەکی سەرەکین لە عێراق و پارێزگای کەرکووک و زیان بە ئاشتەوایی دەگەیێنێت."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دەکات "بەزوویی" چاو بە بڕیارەکەدا بخشێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ