ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو جەمسەرە ناکۆکەکانی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆدەکاتەوە

01-03-2023
هۆرڤان رەفعەت
نیشانەکردن کۆڕبەندی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بازنەیەکی فراوانی گفتوگۆ و دیالۆگی بێ سنوور، بە راشکاوی و بێ سانسۆر، شێوازی دیار و سەرنجڕاکێشی دووەمین کۆڕبەندی هەولێرە، کە ژمارەیەکی زۆر جەمسەری جیاوازی سیاسیی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش تێیدا بەشدارن.
 
رۆژی چوارشەممە، 1ـی ئاداری 2023، دووەمین کۆڕبەندی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە ناونیشانی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و دامەزراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەستیپێکرد و چەند پانێڵێک لەبارەی چەند بابەتێکی جیاجیا بە ئامادەبوونی شارەزا و بەرپرسانی بوارە جیاجیاکان بەڕێوەچوون. 
 
"کێشەکانی پارتی و یەکێتی بە 5 خولەک چارەسەر دەکرێن"
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندەکەدا بە ناونیشانی "دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسەکانی سەقامگیری" گوتی، "کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پێوەی دەناڵێنن، بە 5 خولەک چارەسەر دەکرێت".

 

 
رووسیا، ئەمریکا و ئۆکراینا لە لایەک، ئێران و خۆپێشاندانەکانی و سزاکانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی لەلایەکی دیکە، هەڵبژاردنەکانی تورکیا و دەستوەردانەکانی لە سووریا، لەگەڵ ئاسایشی وزە و ئاسایشی نەتەوەیی و ئەمنیەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لە سیاسەت و ئابووری، ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی پارتە سیاسییەکان لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق بە کۆمەڵێک ناونیشانی جیاواز لەلایەن ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردە و کەسایەتیی ئەکادیمیستی گفتوگۆی لەبارەوە کرا. 

 

 
هەشت مانگە، سەنتەری لێکۆڵینەوەی رووداو بە تیمێکی سێ کەسییەوە سەرقاڵی رێکخستنی ئەو کۆڕبەندە ئەکادیمییە سیاسییە دیپلۆماسییەن، لە ئەنجامدا توانییان، لە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهانەوە زیاتر لە 100 میوانی پلەباڵای سیاسی و ئەکادیمی بانگهێشت بکەن بۆ بەڕێوەبردنی 9 پانێڵی جیاواز و هەشت گفتوگۆی تایبەت.
 
یەکەمین رۆژی کۆڕبەندەکە، جەمیس جێفری، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە پێشتریش باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە تورکیا و عێراق، گوتی: "ئەم کۆڕبەندەی سەنتەری توێژینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو رێکیخستووە کارێکی زۆر گەورەیە و دڵنیام پڕ ئاڵنگاری بووە و ئاسان رێکنەخراوە، منیش خۆشحاڵم کە بانگهێشتکراوم و هاتووم پشتگیریی ئەم کۆڕبەندە بکەم تاوەکو گفتوگۆ بکەین، زۆر خۆشحاڵیشم کە هاتووم ئەو هاوڕێیانەم دەبینم، کە رۆژانێک لێرە نوێنەرایەتیی ئەمریکام دەکرد لە عێراق".

 

 
15 خۆبەخش کە خوێندکاری بەشی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکانی زانکۆی کوردستان بوون هاوکاریی سەنتەری توێژینەوەی رووداو بوون، لە رێکخستنی کارەکانی کۆڕبەندەکە.
 
یەکەمین رۆژی مانگی ئادار، یەکەمین رۆژی دەستێپکردنی فەرمیی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر بوو، یەکەم بابەت کە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، پانێڵێک بوو بە ناونیشانی گۆڕانکاری لە ئاسایشی وزەی جیهانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە هەریەکە لە ماتیو زەیس، یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا، کە هاوکات جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKNـە بۆ وزە لەگەڵ، رۆبن میلس، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی قەمەر ئینرجی، ئەحمەد تەبەقچەلی، بەڕێوەبەری زانیاری لە سندووقی ئەی ئێف سی، عێراق بەشداربوون و باسیان لە گرنگیی وزەی نوێ و فراوانبوونی ململانێکان کرد لەبارەی ئەو وزەیە بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

 

 
رۆبن میلس، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی قەمەر ئینێرجی لەبارەی ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی وزە لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: "کاتێک گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری غاز لە جیهاندا وەک هێزێکی جددی لە گەورەترین بازاڕەکەیدا بەئامانج دەگریت، هەمووان دەبێت خۆیان لەگەڵ ئەو دۆخەدا رێکبخەن، چونکە هاوسەنگیی بازاڕ و تێکدەچێت". گوتیشی "ئەوروپا بەدوای غازدا دەگەڕێت لە شوێنێکی دیکە".
 
هەروەها لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی: "هەرێمی کوردستان پێویستی بە ستراتیژییەکی گەورە هەیە بۆ رێکخستنی کەرتی وزە و گاز تاوەکو بتوانێت ئەو وزە نوێیە دۆزراوانەی هەناردە بکات".

 

 
ماتیۆ زەیس، یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمریکا باسی مەترسیی نەبوونی یاسایی کرد بۆ رێکخستنی کەرتی وزە و رەخنەی لە عێراق گرت و گوتی: "ئێستا ساڵی 2023ـە، بەڵام تائێستا عێراق یاسای نەوت و گازی نییە و پێویستە سیاسییەکان کار بکەن تاوەکو یاسایەکیان هەبێت و کەرتی وزە باشتر رێکبخەن، چونکە ئێستا ململانێی گەورەی جیهان لەسەر وزەیە".
 
دووەم پانیڵی رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکە ناونیشانەکەی بەم جۆرە بوو: وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان: تەگەرە، سەرکەوتنەکان و ستراتیژێکی پەرەپێدان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
 
شێری گراهام، تاکە خانمی نێو ئەو پانێڵە بوو، سەرۆکی دامەزراوەی SEEDـە و لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: "ئێمە پێویستمان بە یاسا نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازادیی خەڵک، بەڵکو پێویستمان بە یاسایە بۆ پاراستنی خەڵک، هەروەها پێویستمان بە هێزێکی پۆلیسە کە خوێندەوارییەکی باشی دیجیتاڵیی هەبێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە تووندوتیژییە دیجیتاڵییەکان بکات، چونکە خەڵکێکی زۆر لە رێگەی دیجیتاڵەوە تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، هەروەها هەنگاوی یەکەم بۆ زیادکردنی پەروەردە و هۆشیاریی دیجیتاڵی، دەبێت لە قوتابخانەکانەوە دەستپێبکرێت".

 

 
بافڵ تاڵەبانی: کێشەکانی پارتی و یەکێتی بە 5 خولەک چارەسەر دەبن
 
سەرۆکی یەکێتی کە زیاتر لە چوار مانگە لەگەڵ حیزبی رکابەری کۆنەبووەتەوە و سەرجەم نوینەرەکانیشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کشاندووەتەوە، گوتی: "کێشەکانی نێوان ئێمە و پارتی شتی زۆر زۆر بچووک و سادەن، یەکێتی ئەم دۆخەی زۆر پێ ناخۆشە ئەو شتانەی کردوومانە بە کێشە لەنێوان ئێمە و پارتی، بە پێنج خولەک چارەسەر دەبن، بەڵام لایەنی بەرامبەر کە پارتییە ئامادە نییە بێتە پێشەوە بۆ چارەسەر ئەسڵەن ئەو پێیوایە ئیمە کێشەمان هەر نییە و چاویان لە ئاستی کێشەکاندا داخستووە، ئەمە لەکاتیکدا ئەو کێشانە بووەتە هۆی ئەوەی کە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەجە بەتەواوەتی لە رووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێبخرین و هیچیان بۆ نەکریت بە بەراورد بە هەولێر و دهۆک".
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتیشی: "قوباد تاڵەبانی برام کە جێگری سەرۆکی حکومەتە، پێشتر لەکاتی شەڕی داعش لەسەر حکومەت ئەوەندە جیدی بوو پێچەوانەی داوا و ویستی حیزبیش کاری دەکرد، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە ناچێتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کەچی هیچ کەسێک لە برادەرانی پارتی ناڵێن بۆچی، تائێستا کەسێکیان تەلەفۆنێکیان بۆ نەکردووە بڵێن کێشەت چییە".

 

 
ئەم شێوازە لە راشکاوی و قسەکردنی بافڵ تاڵەبانی و زۆر لە پانێڵست و کەسایەتییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی دیکە لە دووەمین کۆڕبەندی هەولێر، بۆ ئەو شێوازەی رێکخستنی کۆڕبەندەکە دەگەڕێتەوە کە ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی رووداو ویستوویەتی بەشێوەیەکی ئەکادیمییانە قسەکەرەکان بدوێن و بۆچوونی خۆیان بەبێ سانسۆر بڵێن.
 
بە هەردوو رۆژەکەی کۆڕبەندەکە 9 پانێڵ و 8 گفتوگۆی تایبەت بەڕێوەدەچێت، بۆ رۆژی دووەمیش بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی تایبەتی هەبێت بە ناونیشانی "گرفتە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داهاتووی هەرێمی كوردستان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە