رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ راکان جبووری دەڵێت، دەبێت زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت.
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 20-02-2023 نووسراوێکی بۆ راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک کردووە، ئەوەش پاڵپشت بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای پەیوەندار بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان.
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لەسەر تابلۆکانی دەرەوە و ناوەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کەرکووک سوود لە زمانی پێکهاتەکانی شارەکە وەربگیرێت.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، جگە لە زمانی عەرەبی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانی لە قوتابخانەکان چاپ بکات کە خوێندن تیایاندا بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانییە؛ هەروەها دەبێت مامۆستای تایبەت بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ ئەو قوتابخانانە دابینبکرێن کە خوێندن تیایاندا بەو زمانانەیە.
ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، پێویستە ئەو فەرمانە کارگێڕیانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک دەردەچن بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بن.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، زمانی کوردی لە کۆمپیوتەرەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی، پاسپۆرت و نشینگە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگا تێکەڵەکانی دیکە زیاد بکرێت. لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگای کەرکووک، کڵێشەی فۆرمی نووسراوەکان بە هەردوو زمانی فەرمیی عەرەبی و کوردی بێت.
بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتن و دەبێت لە نووسراوەکانی حکومەتدا هەردووکیان بەکاربهێندرێن.
ئەمە لەکاتێدایە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەو پارێزگایە لە لایەن کارگێڕییەوە بەردەوام سنووردار کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ