رووداو - بارسێلۆنا
لە کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل لە بارسێلۆنا کۆمپانیا گەورەکانی خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردن سەرەڕای بەردەوامیی پەتای کۆڤید 19، لەدوای کەمکردنەوەی رێکارەکان دوایین داهێنان، خزمەتگوزاری و بەرهەمی خۆیان نمایشکرد.
ڤێرچواڵ ریاڵیتی، نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێتی مۆبایل یاخود خزمەتگوزاریی پاراستنی داتا و فایل لەسەر سێرڤەری کلۆد مژاری سەرەکیی ئەمساڵی کۆنگرەکەیە.
نیکۆل سکۆت، شارەزای تەکنۆلۆجیا دەڵێت، "کۆنگرەی مۆبایلی جیهان، هێشتا پێشانگەیەکی زۆر گرینگە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو، گەرموگوڕیی جارانی نەماوە. ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە بەرهەمە نوێیەکانیان بۆ یەکەمجار دەخەنەڕوو کەمن".
بۆ یەکێک لە کۆمپانیا دیار و گەورەکانی مۆبایل لە کوردستان و عێراق، هەواڵی خۆش هەیە،؛ ئاسیاسێڵ سێ خەڵاتی لە سێ بواردا وەکو باشترین کۆمپانیای مۆبایل لەسەر ئاستی عێراق لە کۆنگرەکە وەرگرت.
چرا حوسێن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بازرگانیی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە رووداوی گوت، ئەو خەڵاتانەی وەریان گرتوون، "یەکەم بۆ دابینکردنی خێراترین ئینتەرنێتە لەسەر ئاستی عێراق، دووەم بۆ فراوانترین تۆڕی مۆبایلە لەسەر ئاستی عێراق و سێیەمیش بۆ باشترین تۆڕی پەیوەندی و مۆبایلە لەسەر ئاستی عێراق".
ئاسیاسێڵ لەلایەن ئۆکلا، بەرهەمهێنەری ئەپلیکەیشنی تێستکردنی خێرای ئینتەرنێتەوە خەڵاتی پێدرا.
کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل لە ساڵی 1987 کە پێشتر کۆنگرەی جیهانیی سیستەمی مۆبایل بووە، تاوەکو 3ی ئاداری 2022 لە بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ