ژمارەی فێرگەکانی میوزیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە زیادبوون دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی فێرگەکانی میوزیک زیادیانکردووە، فێرخوازانی فێرگەی کورد کوبن لە سەقز رۆژانە بە تامەزرۆییەوە راهێنان لەسەر ئاواز و گۆرانییە رەسەن و فۆلکلۆرییە کوردییەکان دەکەن.

رەزا سەڵەواتی، بەڕێوەبەری فێرگەی کورد کوبە و دەڵێت، "لە فێرگەی کورد کوب بەتایبەت ئەم هونەرمەندە جوانانە کە دێنە ئێرە یەکەم شت کە فێری دەبن ئەو میوزیکە کوردییە جوانەیە. بە بڕوای من هەر میلـلەتێک مۆسیقای خۆی نەپارێزێت هیچ لە میوزیک تێنەگەیشتووە."
 
فێرگەی کورد کوب ساڵی 2015 دامەزراوە. بەڕێوەبەرەکەی رەزا سەڵەواتی، ژەنیاری بە ئەزموونی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە دوای دامەزراندنییەوە، ژمارەیەکی زۆر ژەنیاری پێگەیاندووە.
 
هێلیا شەریفی، فێرخوازی میوزیکە و باس لەوە دەکات، "ماوەی هەشت ساڵە لای مامۆستا خۆم فێری میوزیک دەکەم، لە پێشبڕکێیەکی زۆر بەشداریم کردووە."
 
خولەکانی فێرگەی میوزیک کورد کوب بۆ کوڕان و کچانە و لە هەردوو ئاستی تەمەنی منداڵان و گەورە ساڵان بەڕێوەدەچن.
 
رەزا سەڵەواتی، بەڕێوەبەری فێرگەی کورد کوب هەروەها باسی لەوەش کرد، "لەو قوتابییانەی کە دێنە ئێرە تێگەیشتم کە میوزیک بووەتە فەرهەنگ و چووەتە نێو ماڵەکانەوە، ئەوە زۆر جێگەی دڵخۆشییە."
 
ئەو فێرگەیە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە منداڵان وەردەگرێت و لە ماوەی چەند ساڵدا دەبن بە ژەنیارێکی لێهاتوو. جیلی یەکەمی فێرخوازەکانی، ئێستا پێگەیشتوون و دەیانەوێت چیدیکە توانای هونەرییان تەنیا لەنێو ئەو ژوورانەدا نەمێنێتەوە.
 
ساریە شاهرودی، گۆرانیبێژە و باسی لەوە کرد، "هاتم بۆ لای ئەوان و کاری گۆرانی گوتنم دەستپێکرد، بۆ سەری ساڵی تازەش بەرهەمێکی نوێم دەبێت و بڵاوی دەکەینەوە."
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین فێرگەی لەو شێوەیە هەن. زیادبوونی ژمارەی ئەو فێرگانە، پێش هەموو شتێک بەرهەمی پێشوازی ئەو خێزانانەیە کە دەیانەوێت میوزیکیش بەشێک بێت لە پرۆسەی پەروەردەیی منداڵەکانیان.