سامان بەرزنجی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاری داخستنی دەرگای قوتابخانەکان نادرێت

رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چوار هێندە زیادیکردووە و زۆربەی ئەوانەیشی تووشی کۆرۆنا دەبن تووشبووانی کۆرۆنای گۆڕاون. دەشڵێت، هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخەی پێشنیازی قەدەخەی هاتووچۆ بکەن و "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا بڕیاری داخستنی دەرگای قوتابخانەکان نادرێت."
 
لە بووڵتەنی کاژێر 12:00 سەنگەر عەبدولڕەحمان هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و لەبارەی بڕیار و رێکارە نوێکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و دۆخی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان 
 
رووداو: چۆن بوو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەفتەیەکدا دووجار کۆبوونەوە؟ پێشهاتی تازە هەیە؟
 
سامان بەرزنجی: بڕیارەکە وابوو دوو هەفتە جارێک کۆببینەوە، بەڵام لە دوا کۆبوونەوەدا گوتمان ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوەکان نزیکتر دەکەینەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەیە لە هەفتەی رابردوو بینیمان رێژەو ژمارەکان زیاتر بووە و بڵاوبوونەوە زیاتر بووە و بەرەو کەمبوونەوە ناچێت، بۆیە پێویست بوو کۆبوونەوەکە بکەینە هەفتانە، ئەگەر خوانەخواستە زۆرتر بێت رەنگە وا پێویست بکات هەفتەی دووجار یان وەکو جاران چەند رۆژ جارێک لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆببینەوە. بۆیە رەوشەکە وا دەخوازێت.
 
مانگی رابردوو لە 0.7 بۆ 0.8٪ تووشبوون هەبوو، بەڵام ئێستا رێژەی تووشبوون لەوانەی کە پشکنینیان بۆ دەکرێت گەیشتووەتە 3.9٪ واتە نزیکەی چوار هێندە.
 
رووداو: واتە لە ماوەی مانگێکدا تووشبوون بووەتە چوار هێندە؟
 
سامان بەرزنجی: هەفتەی رابردوو بەراورد بە مانگی پێشوو، چەماوەکە بەرەو بەرزبوونەوەیە، ئێمە ئەو گەرەمان لەپێشە و پێشبینی ئەوە دەکەین بڵاوببێتەوە، بەڵام ترسی ئێمە لەوەیە لە ماوەیەکی کورت هەڵکشانێکی گەورە رووبدات. بەڵام ئەگەر بە هێواشی بڵاوببێتەوە چەماوەیەکی ئاسۆیی وردە وردە بەرزبوونەوەش بێت بە ماوەیەکی درێژتر بۆ ئێمە باشترە، لەبەر ئەوەی سیستەمی تەندروستی پێڕادەگات، هاوکات کۆنترۆڵکردنی ئاسانترە، دۆزینەوەی حاڵەت باشترە، رێژەی مردن کەمتر دەبێتەوە، ئەوانە هەمووی نیشاندەری ئەوەن کە ئێمە دەبێت بەرگری بکەین.
 
بەرگریکردنیش هەندێکی لەسەر هاووڵاتیانە، کە گرنگترینیانە، ئەویش دانانی ماسک و لێک دوورکەوتنەوەیە، بەڵام هەندێکی دیکە پێویستی بە رێکارە بڕیار لەلایەن حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە دەربچێت، تەنیا وەزارەتی تەندروستی نییە. بۆیە ئێمە پێویستیمان بە هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتەکانی دیکەیە، بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارە بەڕێزەکان، چونکە ئەوانن لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان چاودێری قەزاو قایمقایەتەکان، ئەمانە هەمووی پێویستی بە کۆمەڵیک رێکار و تووندکردنەوە هەیە.
 
"بە داخەوە ئێستا لە شوێنە گشتییەکان بەستنی ماسک زۆر لاوازە 1٪ـە"
 
رووداو: پێتانوانییە حکومەتیش لەوبارەیەوە کەمتەرخەم بووە؟ ماوەیەک رێکارەکان تووندبوون سزا دیاریکرابوو بۆ ئەوانەی پابەند نابن.
 
سامان بەرزنجی: سزا بە تەنیا چارەسەر نییە، تێگەیشتن و پابەندی هاووڵاتیان خۆی باشترە، بێگومان دەبێت تیمەکان زیاد بکرێن، ئێمەش لەوبارەیەوە کۆمەڵێک پێشنیازی وردمان کردووە بۆ چۆنیەتی چاودێریکردنی ورد لەسەر هەموو هاووڵاتییەک، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکە کۆمەڵێک میکانزم پێشکەش دەکەین، کە هەم ئاسان بێت و هەم گونجاو بێت.
 
بۆ نموونە دەبێت چاودێری بخرێتە سەر هەموو شوێنێک، ناکرێت چاودێریکردن بە تەنیا لەلایەن خاوەنی شوێنەکەوە بێت، بۆ نموونە چایخانەیەکە کافتریایەکە، چێشتخانەیەکە، خاوەنی هۆڵێکە، بۆنەی کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی خەڵک، بۆیە جگە لەوەی خاوەنەکە خۆی چاودێر بێت، پێویستە تیمی دیکەش هەبێت بۆ چاودێریکردنیان و ئاراستەکردنیان نەک سزادانیان، کەسمان لەگەڵ سزا نین، بەڵام سزاش هەندێک جار پێویستە لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی کە پابەند نابێت تەنیا بەرپرسیاریێتی خۆی لەمل نییە، بەڵکو بەرپرسیاریێتی هەموو کۆمەڵگەی لە ملە، هەموومان بە یەکەوە دەتوانین کوردستان بپارێزین.
 
رووداو: ئەمڕۆ چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری تازە بدرێت؟
 
سامان بەرزنجی: بە دڵنیاییەوە، ئێمە قۆناخ بە قۆناخ دەچینە پێش بۆ رێککارەکان، بۆ قۆناخی ئێستا رەنگە هەموو رێکارێکی راگرتنی ژیان پێویست نەکات، بەڵام تووندکردنەوە و ئاراستەکردن و چاودێریکردن و راگرتنی هەندێک شوێنیش رەنگە گرنگ بێت.
 
ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی کۆمەڵێک پێشنیاز و راسپاردەمان ئامادە کردووە و گفتوگۆی دەکەین، بە دڵنیاییەوە راسپاردەکانی ئێمە ئەوە نییە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام گفتوگۆش هەڵدەگرێت.
 
رووداو: گرنگترین و پێشنیاز و راسپاردەکانتان بۆ ئەو قۆناخە چی دەبێت؟
 
سامان بەرزنجی: ئێستا لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە، ئێمە لە عێراق دەبینین 10 هێندەو زیاتریش بڵابوونەوە هەیە و رۆژانە زۆر بە خێرا بەرزدەبێتەوە، ئەو هاتووچۆ و جموجۆڵە ئاساییەی لەنێوان پارێزگاکاندا هەیە و هاتنی بە لێشاو، بە تایبەت ئێمە دەچینە نێو وەرزی بەهار، هاتنی گەشتیار و بڵاوبوونەوەیان لەناو چێشتخانە و هۆتێلەکان و تێکەڵبوونیان لەبازاڕ لەگەڵ خەڵک، بە دڵنیاییەوە ئەمە ترسناکیەکە زیاتر دەکات. بۆ پێویستە ئەمە رابگیرێت.
 
ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی نیگەرانین لەو هاتووچۆ زۆرەی هەیە، ئەمە لایەنێکە لایەنی دیکەش هەیە لەنێو کۆمەڵگە هەندێک بۆنەی کۆمەڵایەتی و دانانی پرسە لەنێو ماڵان و کۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەکان، بەڕاستی ئەمانە پێویست نین هەبن. لەگەڵ ئەوەش نین هیچ رێکارێک کاریگەری بەسەر بژێوی خەڵکەوە هەبێت.
 
رووداو: پێشبینییەکان وابوون کە جارێکی دیکە دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن دابخرێنەوە یان قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێندرێت، هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو قۆناخە بۆ ئەوەی ئەو رێکارانە بگیرێنەبەر؟
 
سامان بەرزنجی: ناڵێن قوتابخانە ترسناکی نییە، بەڵام واقیعێکی زانستیانە هەیە، ئێمە لەگەڵ تیمێکی تەندروستی جیهانی لە هەفتەی رابردوو تاوەکو دوێنێ کە 4 شارەزای جیهانین شیکارییەکی زۆر باشیان بە ئێمە داوە، کۆمەڵێک پێوەر هەیە بۆ قوتابخانە، کە بە داتا و ژمارە دەبێت قسە بکرێت و ناکرێت لەسەر دوو  قوتابخانە دوو پۆل هەڵسەنگاندن بکرێت و بکرێتە پێوەر بۆ هەموویان، نەخێر پێوەری نیشاندەرە سەرەکییەکان و لاوەکییەکان بە ژمارە بۆمان دەردەخات، کە لەکاتی ئێستا ئێمە لە ترسناکی مامناوەندین، نەگەیشتووەتە راددەی ئەوەی کارەسات لە قوتابخانە رووبدات، بۆچی؟ چونکە تا راددەیەکی باش پابەندی هەیە، من ناڵێم ئەو پابەندییە 100٪ـە، قوتابخانەکان پابەندیان زۆر باشترە لە شوێنە گشتییەکان و بازاڕەکان و کۆبوونەوەی خەڵک و یەکتر بینین و فڕێدانی ماسک.
 
رووداو: واتە ژمارەکان ئەوەتان پێدەڵێت کە جارێ پێویست بەوە ناکات قوتابخانەکان دابخرێن؟
 
سامان بەرزنجی: پێمانوانییە بۆ ئەمڕۆکە ئەو بڕیارە بدرێت، بەڵام ئەگەر پێشبینییەکان خوانەکات لە رۆژانی داهاتوو هەفتەی داهاتوو لە مانگی داهاتوو بگاتە راددەیەک کە قوتابخانە ببێتە ترسناکی یەکەم، بە دڵنیاییەوە چ شتێک لە بەرژەوندی هاووڵاتیان و خێزان و دایک و باوکان بێت ئەو بڕیارە دەدرێت
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان بیر لەوە نەکراوەتەوە کە جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ بدرێتەوە؟
 
سامان بەرزنجی: ئێمە لەنێوان قەدەخەی هاتووچۆ و راگرتنی ژیان لەگەڵ کۆمەڵێک شتی سادە ساکار هەیە کە ناکرێت ئێستا، بۆشاییەک و نێوانێکمان هەیە، دەبێت قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵی بڕۆین، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناخەی ژیان رابگرێت و قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێندرێت. ئەوەی لە عێراقیش هەیە قەدەخەیەکی هاتووچۆی لاوەکی و جوزئییە.
 
رەوشی عێراق خراپە، ئەو رەوشەش بۆ ئێمە دەگوازرێتەوە. ئێمە چەند هەفتەیەک لە دوای بەغدا لە ساڵی رابردووش هەڵکشانەکەمان دەستیپێکرد. بەشێوەیەکی گشتی ناکرێت بێدەنگ بین لەو بەرزبوونەوەیە، دەبێت ئێستا هەندێک رێکاری تووندووتۆڵ بگرینەبەر.
 
رووداو: کۆرۆنای گۆڕاو لە چ ئاستێکدایە؟
 
سامان بەرزنجی: زۆربەی هەر زۆری ئەو ڤایرۆسانەی کە ئێستا کۆرۆنایە، ئەگەر پشکنینی دیکەی بۆ بکرێت کە رێکاری دیکەیە بە کیتی تایبەت زۆربەی هەرە زۆریان زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێیەکەیە.