هیوا ئەفەندی: رووداو لە گرنگی سۆشیاڵ میدیا تێگەیشتووە و سەرکەوتووە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی دەزگای تەکنۆلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە باشترین سۆشیاڵ میدیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن کۆمەڵەی رۆژنامە و بڵاوکراوەکان (وان ئیفرا) و دەڵێ: رووداو لە گرنگی سۆشیاڵ میدیا تێگەیشتووە و لە بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکانی سەرکەوتووە.
لەکاتی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی دەزگای تەکنۆلۆژیا و زانیاری ئەنجوومەنی وەزیران گوتی "بەدەستهێنانی خەڵاتی وان ئیفرا بۆ باشترین ئینگەیجمێنتی سۆشیاڵ میدیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ رووداو، بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی ئەو دەستکەوتە، دەبێت بزانین لەم 10 ساڵەی دواییدا تەکنۆلۆژیا چەند گۆڕانکاری بەسەر ژیاندا هێناوە".
بەگوتەی هیوا ئەفەندی "نزیکەی 4.2 ملیار کەس لەسەر زەوی ئینتەرنێتیان هەیە، نزیکەی 4.2 ملیاریشیان مۆبایلی هۆشمەند بەکاردەهێنن، نزیکەی 2.2 ملیار کەس چالاکانە فەیسبووک بەکاردەهێنن، 800 ملیۆن کەس لە ئینستاگرامن، 330 ملیۆن کەس بەشداری توویتەرن، 187 ملیۆن کەس بەشداری سناپ چاتن، ئەمانە هەموویان ئەوە دەردەخەن، کە تۆڕی میدیایی رووداو لە تێگەیشتنی ترێندەکانی تەکنۆلۆجیا زۆر وریا بووە، زانیویەتی کەناڵەکانی گەیاندنی زانیاری چۆنن و، لەوە گەیشتووە چۆن زانیارییەکان لەڕێگەی ئەو کەناڵانە بە خەڵک بگەیەنێت، ئەمەش سەرکەوتنێکی مەزنە".
دادوهرانی وان ئیفرا سەبارەت بە سۆشیاڵ میدیای رووداو گوتیان: بهشداربوونێكی نایابه و شایهنی بردنهوهن. ناوەڕۆکی زۆر باش و رۆژنامەڤانیی راستەقینەتان به باشترین شێوه لە پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیا بهكارهێناوه.
سەرۆکی دەزگای تەکنۆلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها دەڵێ "لە 2008ـەوە بۆ ئێستا، کە 2018ـیە شتێک بەناوی پلاتفۆڕمی سێیەم پەیدا بووە، سۆشیاڵ میدیا یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی. تێگەیشتن لەوەی کە سۆشیاڵ میدیا ئەوەندە گرنگیی هەیە، زۆر گرنگە و تۆڕی میدیایی رووداو ئەمەی زۆر بەباشی بەکارهێناوە و دەستخۆشییان لێدەکەم".
ئەو پێوەرانەی رووداو لە میدیاکانی دیکە جیادەکەنەوە
هیوا ئەفەندی دەڵێ "دوو شت زۆر گرنگن: یەکەمیان ناوەڕۆکە، کاتێک تیمی بەهێزت هەبێت کە بتوانن بەشێوەیەکی مەیدانی رووماڵی رووداوەکان بکەن. رووداو سەرکەوتوو بووە لە بوون لەسەر ئەرزی واقع لەکاتی رووداوەکاندا، کە لەم چەند ساڵەی دواییدا رووداوی زۆر گرنگی جیهانی لە ناوچەکە روویانداوە و لە هەموویان گرنگتر پەیدابوونی داعش بوو، رووداو توانی زۆر بەجوانی ئەو رووداوانە رووماڵ بکات، واتا ناوەڕۆک هەبوو، کە ناوەڕۆکیش هەبوو، تیمی دیجیتاڵ میدیای رووداو لەوە تێگەیشت کە گەیاندنی ناوەڕۆک بە خەڵک لەڕێگەی دیجیتاڵ میدیاوە، زۆر کاریگەرترە لە میدیاکانی دیکە، بۆ نموونە ئەگەر هەر سەیری راپۆرتەکەی وان ئیفرا بکەین، دەبینین خوێندنەوەی رۆژنامە لە 10 ساڵی دواییدا بەڕێژەی 50% کەمی کردووە، هەموویان هاتوون بۆ دیجیتاڵ میدیا، تەنانەت وێبسایتەکانیش ترافیکیان لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوەیە، بۆیە تێگەیشتن لەو میکانیزمە، رووداوی کردووە بە پێشەنگ".
پۆرتاڵی رووداو لەڕووی ژمارەی سەردان لەسەر ئاستی باشووری کوردستان و عێراق یەکەمی بێ رکابەرە. سۆشیاڵ میدیایی رووداویش یەکێکە لە سۆشیاڵ میدیا هەرە کاریگەر و پێشەنگەکان بەهۆی گەشەسەندنەکانیشی لە هەموو پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا ئەمساڵ لە 13ـەیەمین کۆنفرانسی ساڵانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وان ئیفرا، کە لە دوبەی دەستی بە کارەکانی کرد، خەڵاتی باشترینەکانی2017 دابەشکران و سۆشیاڵ میدیای رووداویش خەڵاتی باشترین سۆشیاڵ میدیای لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەستهێنا.
دیجیتاڵ پۆرتاڵی رووداو بە نموونە
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی دەزگای تەکنۆلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ "پێم باشە ئەو شێوازە کارکردنەی تیمی دیجیتاڵ میدیای رووداو پەیڕەوی کردووە، لە کۆڕ و سیمینارێکی تایبەتدا بۆ میدیاکارانی دیکە باس بکرێت. پێم باشە تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێگەی دەورەیەکی فێرکارییەوە ئەمەیان نیشانیان بدات... فەیسبووک بەتەنیا نییە، تۆ چەندین پلاتفۆڕمی دیکەت هەیە و بەشداربووانیان جیاوازن، بۆ نموونە ئەوەی لە توویتەر بەشدارە، وەکو ئەو کەسە نییە کە لە فەیسبووک بەشدارە و چۆن لەگەڵ بیر و مێشکی ئەو کەسانە قسە دەکەی، ئەوەیان زۆر گرنگە و هەر ئەوەشە کە دەبێت برادەرانی دیکە لە دەزگاکانی دیکەوە لێی تێبگەن".