داوادەكرێت لەیلا زانا 20 ساڵ زیندانی بكرێت

رووداو - ئامەد

بە سێ تۆمەتی جیاواز، داوای 20 ساڵ زیندانیکردن بۆ لەیلا زانا، سیاسەتڤانی بەنێوبانگی باكووری كوردستان دەكرێت.

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا لە ئامەد، سکاڵانامەیەکی 156 لاپەڕەیی لە دژی لەیلا زانا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە لە بازنەی ئاگری ئاراستەی دووەم دادگای سزا قورسەکانی ئەم شارە کرد.

لە سكاڵانامەكەدا بە سێ تۆمەتی جیاوازە کە پەیوەندیدارن بە "پرسی تیرۆر"، داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا داوای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ ناوبراو کردووە. دادگاش داواکەی پەسندکردووە.

لە سکاڵانامەکەدا هاتووە، لەیلا زانا بە فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی "دەتەکە"ی بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاکی سیاسی بۆ پەکەکە دامەزراندووە. هەروەها بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی گەریلایەک بەناوی "ئازاد" کردووە لە شارۆچکەی لجێ. تۆمەتی سێیەمیشی پەسندکردنی پەکەکە و خەباتی چەکداریی کەجەکە بووە.

هەر بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی داوای 8 بۆ 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ لەیلا زانا کردووە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح