رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی 1ـی شوبات لە هەولێر بەڕێوەچوو

01-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

21ـەمین ساڵیادی شەهیدانی 1ـی شوبات لە هەولێر بەڕێوەچوو و بەرپرسانی حکومی، حیزبی، کۆنسووڵی وڵاتان و کەسوکاری شەهیدان تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدان دانا.
 
رۆژی شەممە، 01-02-2025 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی دوو تەقینەوەکەی 1ـی شوباتی هەولێر بەڕێوەچوو.
 
سەرەتا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تاجەگوڵینەی لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدانی 1ـی شوبات دانا و پاشان فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمەکەدا بەشدار بوو، تاجەگوڵینەی لەسەر مۆنیۆمێنتەکە دانا.
 
دواتر هەریەکە لە پشتیوان سادق و سەعدی ئەحمەد پیرە، تاجەگوڵینەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دانا. 
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەجید محەممەدئەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی 3ـی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیش لە هەولێر بەشێک لەو کەسانە بوون کە لە رێوڕەسمەکە و دانانی تاجەگوڵینەدا بەشدار بوون.
 
پاشان کۆنسووڵ و نێردەی وڵاتان بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی 1ـی شوبات بە تاجەگوڵینەوە چوونە مۆنیۆمێنتەکە و هەریەکە بە کولتوور و ئایینیی تایبەت بە خۆی، نزای بۆ شەهیدەکان کرد.
 
دواتر رێوڕەسمەکە بە دانانی تاجەگوڵینەی کەسوکاری شەهیدانی دوو تەقینەوەکەی 1ـی شووبات و ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان لەسەر مۆنیۆمێنتەکە کۆتاییهات.
 
لە 1ـی شوباتی ساڵی 2004 کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو تەقینەوەی خۆکوژی روویاندا و بەهۆیانەوە 103 کەس شەهید بوون و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێگی گشتیی دیلۆک. وێنە: ئەرشیف

هەناردەی دیلۆک بەراورد بە شوباتی پار 6.6٪ کەمیکردووە

بەگوێرەی راپۆرتی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا (TIM) هەناردەی دیلۆک شوباتی ئەم ساڵ بە بەهای 803 ملیۆن و 790 هەزار دۆلار بووە، کە بەراورد بە شوباتی پار 6.6٪ دابەزیوە.