رووداو دیجیتاڵ
پاڵاوگەیەکی نەوت لە کەرکووک دروست دەکرێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، "توانای بەرهەمهێنانی 70 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا دەبێت و 3 هەزار هەلی کار دەرەخسێنێت."
رۆژی شەممە، 1ـی شوباتی 2025، ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکمان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگار واژۆی لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنەر کرد بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەیەکی نەوت".
ئەحمەد کەرکووکی دەڵێت: "پاڵاوگەکە لەسەر رووبەری 900 دۆنم زەوی لە خوارووی کەرکووک دروست دەکرێت".
لەبارەی توانای بەرهەمی پاڵاوگەکە و رەخساندنی هەلی کار، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "پاڵاوگەکە دەتوانێت رۆژانە بڕی 70 هەزار بەرمیل لە بەرهەمە نەوتییەکان بەرهەم بهێنێت و نزیکەی سێ هەزار گەنجی کەرکووکیش لە هەلی کاری نێو پاڵاوگەکە سوودمەند دەبن".
ئەحمەد کەرکووکی ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆمپانیای وەبەرهێنەر نێوخۆییە و وەبەرهێنەرەکە کوردە، کارەکانی دروستکردنی پاڵاوگەکەش لە رۆژانی ئایندەدا دەستپێدەکەن و بە نزیکەی دوو ساڵ تەواو دەبێت."
11-01-2023 وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دروستکردنی پێنج پاڵاوگەی نوێی دا کە بڕیاربوو یەکێک لەو پاڵاوگانە لە کەرکووک دروست بکرێت، بەڵام دواتر بەبێ روونکردنەوەی هۆکارەکەی، بڕیاری گۆڕینی شوێنی پاڵاوگەکە درا.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "هیچ پاڵاوگەیەک لە پارێزگاکەماندا نییە و تاوەکو ئێستا سوود لە پاڵاوگەی بێجی وەردەگرین؛ بۆیە ئەم گرێبەستەی کردوومانە کاریگەری ئەرێنی گەورەی لەسەر ئابووریی پارێزگاکەمان دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ