رووداو دیجیتاڵ
دۆزرانەوەی دەیان بێچووە سەگی مردوو لە زبڵدانەکانی شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، بووەتە رۆژەڤ.
بەگوێرەی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان، دەرکەوتووە ئەو بێچووە سەگانە کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت کێ و بۆچی ئەم کارەی کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رەخنەی تووند لە شارەوانیی گەڤەر گیرا و بە خەمساردی تۆمەتبار کران.
شۆڕش دری، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەڤەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هیچ شێوەیەک شارەوانی ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و دەستی تێدا نییە.
لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەیان دەکرێن، شۆڕش دری گوتی "گەلەکۆمەیەک لە دژی شارەوانیمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستیپێکراوە. ئێمە تەواوی ئەو هێرشانە رەتدەکەینەوە، چونکە بێ بنەمان. شارەوانی لە مردنی سەگەکان بەرپرسیار نییە."
شارەوانیی گەڤەر ناوەندێکی تایبەت بە چاودێری و چارەسەرکردنی ئاژەڵە بیلانەکان هەیە، کە نزیکەی 150 سەگ تێیدا چاودێری و بەخێودەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ