رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای کفری دەڵێ بە بەهای نزیکەی 21 ملیار دینار، پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کفری لە جێبەجێکردندان. گوتیشی "بڕیارە 168 کەس بە گرێبەست دابمەزرێن و تاوەکو ئێستا دۆسییەکانیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، داواکارین بەزوویی پەسند بکرێن."
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، باسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکەی کرد و گوتی "لە ساڵی 2024، لە شارەکە دا هەنگاوی باش نراون بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا."
قایمقامی کفری دەڵێت "لەدوای سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کفری لە نیسانی رابردوو، هاوئاهەنگییەکی باشی دروستکرد بۆ کارکردن لە پرۆژەکان، هەندێ ئاستەنگی ئیداری هەبوون، ئێستا ئەو گرفتانە چارەسەر کراون، لەسەر ئاستی وەزارەتەکانیش دا، لیژنەیەکی تایبەت هەیە، کە چاودێریی (جێبەجێکردنی) ئەو بەڵێنانە دەکات، کە بۆ شارەکە دراوە."
لەبارەی ئەو پرۆژانەی کاریان تێدا دەکرێت، ساهیر عەلی ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەی رێگەی کفری - قەرەبڵاخ بە درێژایی 24 کیلۆمەتر، کە نزیکەی 7 ملیار دیناری تێدەچێت، ئێستا نزیکەی 40٪ـی تەواوکراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.
گوتیشی، پرۆژەی کۆنکرێتکردن و قیرکردنی شەقامە نێوخۆییەکانی گەڕەکی راپەڕین بە گوژمەی نزیکەی سێ ملیار دینار، کاری تێدا دەکرێت؛ هەروەها نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری بە گوژمەی نزیکەی 300 ملیۆن دینار و نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی کفری تەواو بوون.
لەبارەی پرۆژەکانی دیکەوە، قایمقامی شارەکە دەڵێت "پرۆژەکی گرنگی کارەبامان هەیە، کە لە 9 پرۆژە پێکدێت، دانانی فیدەرێکی کارەبا بۆ بەنداوی کفری، دروستکرنی بینا بۆ چاککردنەوەی کارەبا، چاککردنەوەی تۆڕە نێوخۆییەکان کاریان تێدا دەکرێت و هەروەها دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ژنان و مناڵبوون بە گوژمەی ملیارێک دینار لەلایەن سەرمایەدارێکەوە و دروستکردنی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی، لەلایەن وەبەرهێنێکەوە."
لەدوای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، ئەو پرۆژانەی لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بوون، کارکردن تێیاندا وەستا، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کارکردنی تێیاندا راگرد.
ساهیر عەلی دەڵێت، چەند پرۆژەکی گرنگمان لەسەر داهاتی پترۆدۆلار هەن و ئێستا خراونەتە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان، لەوانە؛ کۆنکرێتکردنی شەقامە نێوخۆییەکان کە چوار گەڕەک لێی سوودمەند دەبن و رێژەیەکی باش کاریان تێدا کراوە و راگیراون، بودجەکەیان نزیکەی 9 ملیار دینارە؛ رێگەی کفری - کارێز و چەند بینایەکی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان راگیراون.
گوتیشی، لەکۆتایی 2024 هەموویان خراونەتە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان و بودجەیشیان بۆ تەرخانکراوە، لەهەوڵداین ئەمساڵ ئەو پرۆژانە وەگەڕبخرێنەوە.
حوزەیرانی 2024 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 168 کەس بەشێوەی گرێبەست بۆ فەرمانگەکانی قەزای کفری دابمەزرێنرێن، قایمقامی شارەکە دەڵێت، "ئێمە هەموو رێکارە کارگێڕییەکانمان تەواوکردوون و دۆسیەی هەموو ئەوانەی ناویان دەرچووە، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی کۆتایی نەداوە، هیوادارین بەزوویی پەسند بکرێن. "
لەبارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سنووری قەزای کفری، ساهیر عەلی دەڵیت "بڕیارە نیسانی ئەمساڵ کارگەی خشتی سوور لە کفری بکەوێتەکار و دەرفەتی کار بۆ خەڵکی شارەکە دەڕەخسێنێت. کفری ناوچەیەکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و لەرێگەی رووداوەوە داواکارین لە وەبەرهێنانەران، بێنە سنوورەکە و هەموو هاوکاری و کارئاسانییەکیان بۆ دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ