رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی هەفتەیەکە عێراق هاوردەکردنی پەلەوەری لە پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە قەدەخە کردووە. وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "عێراق هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستانی بە سیاسی کردووە."
عێراق بەبیانووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارەی دابوو. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پشکنینیان بۆ پەلەوەرخانەکان کردووە، تەواوی پشکنینەکان پاک دەرچوون و هیچ کێشەکیان نییە، بەڵام بەغدا بڕیارەکەی بە سیاسی کردووە.
رۆژی 27-1-2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "بە فەرمانی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هاتنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کردووە، تاوەکو دۆخی نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە و ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەچێت، کە دڵنیایی دەدات پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە ئەنفلۆنزای باڵندە پاکن."
ئەمڕۆ شەممە، 1ـی شوباتی 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق داوای لێکردین پشکنین بۆ پەلەوەرخانەکان بکەین و کردمان، بەڵام شێوازی پشکنینەکەیان بەدڵ نەبوو، دووبارە پشکنینمان کردەوە."
ئەو بەڕێوەبەری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "ئەنجامی پشکنینەکەمان بە راپۆرتێک بۆ بەغدا نارد، کەچی پێیان گوتین 'ئێمە تیمێکی ڤێتێرنەریی خۆمان دەنێرین تاوەکو بێنە هەرێمی کوردستان و پشکنین بکەن'، بەڵام ئێمە گوتمان تاوەکو نووسرامان بۆ نەنێرن قبووڵی ناکەین."
عێراق ساڵانە پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشکە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆی 350 هەزار تۆنە و نزیکەی 650 تۆنی لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرد.
لەبارەی هۆکاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنەکە، رابەر محەممەد گوتی، "هەبوونی نەخۆشی لەناو کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بیانوویەکی عێراقە، چونکە هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن عێراقەوە بە سیاسی کراوە."
ساڵانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ