رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، گۆڕستانەکانی سەنتەری شار دادەخەن و بڕیاریان داوە هیچ مردوویەکی دیکە لەو گۆڕستانانە بە خاک نەسپێردرێن.
رۆژی شەممە، 1ـی شوباتی 2025، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزاکە کۆبوونەوەیان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی چی دیکە رێگە نەدرێت مردوو لە گۆڕستانەکانی نێو شار بە خاک بسپێردرێن، بەڵکو ببرێنە دەرەوەی شارەکە و لە گۆڕستانی نوێ بە خاکیان بسپێرن.
زیاتر لە 20 گۆڕستان لە سەنتەری شاری ئاکرێ و سەرێ گرێ هەن. قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن و بڕیارەکەیان جێبەجێ دەکرێت.
دلاوەر بۆزۆ باسی لەوە کرد، گۆڕستانی خرپێ و سماقولێ دیاریکراون و دەبێت هاونیشتمانییان مردووەکانیان ببەنە ئەو گۆڕستانانە.
لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەیان، قایمقامی ئاکرێ باسی لەوە کرد، "گۆڕستانەکانی نێو شار سیمای شارەکەیان تێکداوە و رۆژ لەدوای رۆژیش فراوانتر دەبن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ