رووداو دیجیتاڵ
شێخ عەلی ئیلیاس، بابە شێخی کوردانی ئێزدی بە بۆنەی جەژنی رۆژووەکانی چلەی زستان، پیرۆزبایی لە کوردانی ئێزدی دەکات.
بابە شێخ لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ (شەممە) بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵگەی ئێزدی لە کوردستان، عێراق و سەرانسەری جیهان بە گشتی و کەسایەتییە ئایینییەکانی چلەگر بە تایبەتی دەکەم."
پیاوانی ئایینی، دەروێش و بەشێک لە بڕوادارانی ئایینیی ئێزدی بە بۆنەی چلەی زستانەوە لە 24ـی کانوونی یەکەمەوە تاوەکو 1ـی شوبات، بە رۆژوو دەبن و لە دووی شوبات دا دەیکەن بە جەژن.
بابە شێخ دەڵێت "هیواخوازین ئەم جەژنە ببێتە رێگە و رێبازێک بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا."
لە فەرهەنگی ئێزدیدا، ئەوانەی بۆ ماوەی 20 ساڵ لەسەر یەک، لە هەردوو چلەی زستان و هاوین بە رۆژوو دەبن، پێیان دەگوترێت "چلەگر".
لە ئایینی ئێزدیدا شەش جەژن هەن.
لە ماوەی جەژنی چلەی زستاندا، کوردانی ئێزدی سەردانی پەرستگەی لالش دەکەن، بەسەر پردی سەڵاتدا دەڕۆن و دەچنە کانیا سپی بۆ ئەوەی دەست و دەموچاویانی پێ بشۆن. هەر لەوێ سەردانی مەزارگە پیرۆزەکانیان دەکەن، جەژن لە یەکدی پیرۆز دەکەن و سەردانی بابە شێخ دەکەن بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لێ بکەن، هەروەها شیرنی و خواردن دەگۆڕنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ