رووداو دیجیتاڵ
'بکوژی' ئەو ژنەی سەرەتای ئەمساڵ لە قەزای پێنجوێن کوژرا و تەرمەکەی پارچە پارچە کرا، لە ئێران دەستگیر کرا. بەپێچەوانەی ئەوەی بڵاوکراوەتەوەش، پۆلیسی سلێمانی دەڵێ 'بکوژەکە' هاوژینی ژنەکە نییە.
ژنە کوژراوەکە ناوی (ت. گ. م.) بوو و تەمەنی 42 ساڵ بوو. 15-1-2025 کوژرانی ئاشکرا کرا، ئەوکاتە پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان رایانگەیاند "رووداوەکە ئاڵۆزە."
رائید سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ (شەممە، 1-2-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی (ت. گ. م.)ـی کوشتووە، لە ئێران دەستگیر کراوە. دەریشکەوتووە، کوژراوەکە ژنی خۆی نەبووە و دیار نییە چ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە هەبووە."
رائید سەرکەوت ئەحمەد هەروەها گوتی "ژن و پیاوەکە هەردووکیان خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، پیاوەکە لەسەر سکاڵای کەسوکاری ژنە کوژراوەکە، لە ئێران دەستگیرکراوە."
بەپێی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی؛ هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی بزانن، چ پەیوەندیێک لەنێوان ئەو ژن و پیاوە دا هەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو "کێشەی پارە لەنێوان ئەو ژن و پیاوە دا هەبووە و، ژنەکە بڕێکی زۆر پارەی ئەو پیاوەی بردووە."
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تۆمەتبار و کوژراو هەردووکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. دوای رووداوەکە، دادگەی پێنجوێن پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، ئەوە بوو دواجار لە ئێران دەستگیر کرا."
کوڕی تۆمەتبارەکەش بە رووداوی گوت "باوکم دەمێکە گیراوە، بەڵام ئێستا ئاشکرا کراوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو هاوژینی ژنە کوژراوەکە، ماوەیەکی زۆرە کۆچی دوایی کردووە، ژنەکە و دوو کوڕیشی لە ساڵانی 90ـەکانەوە لە هەرێمی کوردستان، لە قەزای پێنجوێن دا دەژیان.
تەرمی (ت. گ. م.)ـی تەمەن 42 ساڵ لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو لە ماڵێکدا لە گەڕەكی ئەلیاسفرە لە پێنجوێن دۆزرایەوە. جەستەکەی پارچە پارچە کرابوو و بکوژ هەر لەنێو ماڵەکەدا تەرمەکەی شاردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ