رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی کەرکووک بۆ پاککردنەوەی شارەکە تاوەکو سێ ساڵی دیکە، گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژۆکردووە و هەر یەکەیان لایەکی شارەکە پاکدەکەنەوە. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "ئەو فێڵەی لە رابردوو لەبواری پاککردنەوە دەکرا ئیدی قبوڵ ناکرێت."
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لەبارەی دەستبەکاربوونی دوو کۆمپانیا نوێیەکە باس لەوە دەکات، "ئومێدەوارم بەدڵی هەموو خەڵکی کەرکووک بێت، لەهەمانکاتدا داوا لەکۆمەڵانی خەڵکی کەرکووک دەکەم هاوکاری تیمەکانی پاککردنەوەبن، ئەوەی لەسەرمان بوو ئامادەمان کرد، ئامێر و ئۆتۆمبێلی باشمان هێناوە و بەپێی ئەو پێویستییانەیە کە دەبێ هەبن. ئیدی ئەوە نەما ژمارەی ئامێر و ئۆتۆمبێل ژمارەیەک بنووسرێ و لەراستیدا کەمتر بهێندرێت."
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکووک لەبارەی توانای کۆمپانیاکان دەڵێت، "دوو کۆمپانیان و ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە ساڵانە 22 ملیار دینارە. ئامێر و ئۆتۆمبێلی زۆریان هێناوە، 200 کاپیسەیان هێناوە و نزیکەی هەزار کرێکارن."
زیاتر لە 7 ساڵە کەرکووکییەکان هەراسانن بەدەست زبڵ و خاشاکەوە، جیا لەوەی تیمی شارەوانی نەیدەتوانی بگاتە هەموو شوێنێک هاوکات کەسانێک لەرێگای ماتۆڕ سکیلەوە زبڵی بەردەم ماڵان هەڵدەگرن لەبەرامبەر پارە،کەچی هەر لەنزیک شارەوە و لەدامێنی شەقامەکان فڕێی دەدەن
زیاتر لە 7 ساڵە خەڵکی شارەکە بەدەست زبڵەوە هەراسان بوون. جیا لەوەی تیمی شارەوانی نەیدەتوانی بگاتە هەموو شوێنێک، هاوکات کەسانێک بە ماتۆڕسکیل زبڵی بەردەم ماڵانیان هەڵدەگرت، بەڵام لە دامێنی شەقامەکان فڕێیان دەدا.
کەریم مەجید، هاونیشتمانییە و لەبارەی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەکە باس لەوە دەکات، "زۆرجار ئەو بەڵێنانە دراوە و جێبەجێ نەکراوە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدام هاوکاریان بین، کارەکە بە تەنیا بەوان ناکرێ."
عوسمان عەلی، نانەوایە و لەبارەی هاوکاریکردنی تیمەکانی پاککەرەوە باس لەوە دەکات، "هاوکاری خەڵکمان دەوێ لەگەڵ حکومەتدا، هەمووان یەکدەست بین، خوا قبوڵ ناکات زبڵی بەردەم ماڵەکەت دەهێنیتە ئێرە فڕێی دەدەی ،ئێرە باخچەیە."
پێشتر مانگانە تەنیا 200 ملیۆن دینار بۆ پاککردنەوەی شارەکە تەرخانکرابوو، بۆیە شارەوانی ئەوکات نەیدەتوانی ئەو ئەرکە وەکو پێویست جێبەجێ بکات،وێڕای ئەوەش رۆژانە هەزار و 300 تۆن زبڵ فڕێدەدرا. مەرجی ئێستای ئیدارەی کەرکووک بۆ کۆمپانیاکان ئەوەیە زبڵ و خاشاک لەهیچ شوێنێک کۆنەبێتەوە نەک ئەوەی بڕی چەند کۆدەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ