رووداو دیجیتاڵ
وێڕای خانەنشینبوونی وەک پارێزگار، سبەی ئازاد تۆفیق بۆ راییکردنی کاروباری هاونیشتمانییان لە باڵەخانەی پارێزگای هەڵەبجە دەبێت.
بەرپرسێک لە پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بۆ پارێزگاری هەڵەبجە دیاری نەکراوە، چ بە دامەزراندن بێت یان بەوەکالەت".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سبەی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری خانەنشینکراوی هەڵەبجە دەچێتەوە سەر کار و کاروباری هاونیشتمانییان رادەپەڕێنێت، بەڵام "هیچ واژۆیەک بۆ خەرجکردنی پارە ناکات".
رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئەم نیوەڕۆیە کەس بۆ شوێنگرەوەی ئازاد تۆفیق دیاری نەکراوە، لەکاتێکدا پارێزگارە خانەنشینبووەکە داوای کردووە کەسێک دابنرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی رادەست بکات.
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە کە ئەویش خانەنشین بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی یاسا لە 26-01-2025ـەوە خانەنشین بووە و رۆژی یەکشەممەش ناچێتەوە دەوام.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە پارێزگارێک و دوو جێگر لە هەڵەبجە، هیچیان لە پۆستەکەیان نەماون. ناوی سێ کەس دەهێندرێت تاوەکو پۆستی پارێزگار وەربگرن.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەدایکبووی ساڵی 1963ـیە و شاهین رەزا، جێگری پارێزگار لەدایکبووی 1964ـە بەهۆی بڕیاری وەزارەتی داراییەوە خانەنشین بوون. جێگرەکەی دیکەی پارێزگار، کاوە عەلی بوو کە ئەویش بەهۆی بوونی بە پەرلەمانتار، دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.
لەنێو ئەو کەسانەدا ناویان دەهێندرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە؛ شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و مەهاباد کامل، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجەن.
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا هیچ بابەتێکی فەرمی نییە و پارێزگار دەستنیشان نەکراوە. پێدەچێت لە یەکشەممە و رۆژانی دواتر وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانێک پارێزگار دیاری بکات".
هاوکات عومەر حاجی ئەحمەد، لێپرسراوی مەڵبەندی 9ـی شارەزوور ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە گوێرەی یاسا نوخشە ناسیح کارەکانی پارێزگار بەڕێوەدەبات تاوەکو کەسێک بە فەرمی دیاری دەکرێت".
هەڵەبجە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە. ناوەندەکەی کە قەزای هەڵەبجەیە، یەکێکە لە کۆنترین قەزاکان، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ